بارزان ئەحمەد: زوو رزگارنەکردنی حەویجە کێشە دەنێتەوە

کەرکوک-KDP.info- فەرماندەیەکی ھێزی پێشمەرگە لە رۆژئاوای کەرکووک دەڵێت، هێشتا بەرنامە و رێککەوتن نییە بۆ رزگارکردنی حەویجە لە دەستی داعش، ئەمەش وایکردووە کێشەی گەورە دروست بێت و چەکدارانی داعش ھەوڵی دزەکردن بۆ ناو کەرکووک بدەن، بۆیە پێویستە پەلەی لێ بکرێت.
(بارزان ئەحمەد خاڵە) کە یەکێک لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە لە میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردنەوە کە گوایە رێککەوتن لەنێوان حەشدیشەعبی و پێشمەرگەدا کراوە بۆ رزگارکردنی حەویجە و گوتی کە راست نین.
بەلەبەرچاوگرتنی دەنگۆی ئەوەی کە حەشدی شەعبی دەیەوێت بە بیانووی رزگارکردنی حەویجە لەوشوێنانەی ھێزی پێشمەرگە رزگاری کردوونە ھێرش بکات، بۆ ئەوەی دواتر دەست بەسەر ئەوناوچانەدا بگرێت بەتایبەت ئەو ناوچانەی نەوتی لێیە، (بارزان ئەحمەد) وێڕای ئەوەی کە دەڵێ ھاتنی ئاوارە لە حەویجەوە بۆ کەرکووک و دەوروبەری کەمی کردووە و ھەفتانە گەر ١٠خێزانێک رابکەن، بەڵام بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی کردەوە "رزگارنەکردنی حەویجە کێشەی زۆری دروست کردووە، چەکدارانی داعش بەردەوام ھەوڵی دزەکردن دەدەن بۆ ناوشاری کەرکووک، بۆیە گرینگە ڕزگارکردنی چەند پەلەی لێ بکرێت هێشتا کەمە، پێم وایە گەر زوو رزگار نەکرێت کێشەی گەورەتر دروست دەبێت."
دوێنێ سێشەممە، دوو چەکداری داعش دزەیان کردبووە شارۆچکەی دوبز و لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس رووبەڕوو بوونەوە ڕوویدا و لە ئاکامدا ھەر دوو تیرۆریستەکە کوژران، وا ڕاگەیێندرا کە بەنیاز بوون کردەوەی تیرۆریستی لە کەرکووک ئەنجام بدەن.
(خاڵە) زانیاری دا، داعش دوای ئەوەی کە خەریکە مووسڵ لە دەست دەدات، لە حەویجە و دەوروبەری کە نزیکەی ٥٠٠گوند لەخۆ دەگرێت، ھێزی کۆ کردووەتەوە و زیادیشی کردووە، هەڵبەت بۆ ئەوەیەتی بەر بە هێرشکردنە سەر حەویجە بگرێت و بەرگری بکات.
بڵند ئیبراھیم




