وەزیرى خوێندنى باڵا: یاساى خوێندنى باڵا لەگەڵ بارودۆخى ئەمڕۆى خوێندنى باڵا لە کوردستان ناگونجێ

هەولێر-KDP.info- (د.یووسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: "باردۆخى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان گۆڕانکاریى گەورەى لە بوارى چەندایەتى و چۆنایەتى ڕوویداوە، بەڵام ئەو یاسایەى کە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارى لەسەر دەکات لەگەڵ واقیعى ئەمڕۆى کوردستان ناگونجێ."
ئەو ڕاگەیاندنەى (د.یووسف گۆران) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١/٥/٢٠١٧، لە میانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبوونەوەیەکى لەگەڵ سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرى پەیمانگا تایبەتەکان بوو.
یاسایى خوێندنى باڵا لەگەڵ بارودۆخى ئێستا ناگونجێ
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتی، "بارودۆخى خوێندنى باڵا لە ئێستادا لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتىیەوە گۆڕانکاریى زۆرى بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەو یاسایەى کە وەزارەت کارى لەسەر دەکات کۆن بووە و، لەگەڵ بارودۆخى ئەمڕۆى خوێندنى باڵا لە کوردستان ناگونجێ، ئەوەش بووەتە بەربەستێک لە بەردەم باشتر ڕاپەڕاندنى کارەکانمان."
سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بەئەلیکترۆنى دەکرێن
لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەکارییەکان بۆ وەرگرتنى خوێندکاران بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) بە سیستمى ئەلیکترۆنى و پێوەرەکانى وەرگرتن تاوتوو کرا، لەو چوارچێوەیەشدا د.جەمال کەمال سەرپەرشتیارى زانکۆ تایبەتەکان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کورتەیەکى لەبارەى ئامانج و گرنگى بەئەلیکترۆنیکردنى سیستمى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان خستەڕو.
زانکۆکان دەکرێنە بەشێک لە سیستمى ئابوورى کوردستان
هەر لەو کۆبونەوەیەدا باس لە کێشەى ددانپێدانان بە زانکۆ تایبەتەکان لەلایەن حکوومەتى عێراقى کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: "مەسەلەى ددانپێدانان بە زانکۆکان یەکێک بو لە هۆکارەکانى بانگهێشتکردنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان، بۆیە لە سەردانەکەشیدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکى نێوانماندا کۆمیتەیەکى هاوبەش بۆ ئەو مەبەستە پێکهات"، گوتیشى "بەڵام دواى گەڕانەوەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى عێراق بۆ بەغدا، مەوداى وەڵامدانەوەیان بۆ ڕێککەوتنامەکە وەک پێویست نیە، هەرچەندە ددانپێدانان بەو زانکۆیانە بەپێیى دەستوور لە دەسەڵاتى هەرێمەکانە، بەڵام ئەو بابەتەش بەسیاسى کراوە."
هەر لەو چوارچێوەیەدا (د.یووسف گۆران) گوتى: "ئێمە لە هەوڵەکانماندا بۆ چارەسکردنى ئەو کێشەیە بەردەوامین، بۆیە لە دواى شەش مانگ چاوەڕوانى لە دواکۆبوونەوەى بۆردى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە ئەنجوومەنى وەزیران باسمان لە کێشەکانى ئەو بابەتە کرد و چەند بژاردەیەک لەو کۆبوونەوەیە تاوتوو کران."
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرایشی کرد، کە وەک حکوومەتى و وەزارەت پڕۆژەیەکى ستراتیژى بۆ ئەوەى زانکۆکان بکرێنە بەشێک لە سیستمى ئابووریى کوردستان بەتایبەت زانکۆ تایبەتەکان، ڕوونیشی کردەوە لە ئێستادا هەنگاویان بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ناوە، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ ئوردن و کۆمارى ئیسلامیى ئێران ڕێککەوتنامە ئیمزا کراوە و، لەگەڵ تورکیا هەوڵەکان بەردەوامن و هەنگاوی بۆ نراوە.
نابێ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کۆپیکراوى زانکۆ حکوومییەکان بن
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، باسى لە پڕۆژەى سەربەخۆى داراییى زانکۆکان کرد، کە لەلایەن سەرۆکایەتىی ئەنجوومەنى وەزیران پەسند کرا، گوتیشى وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە زۆربەى داهاتەکانى خوێندنى باڵا هەر لە بوارى خوێندنى باڵا خەرج بکرێتەوە و گوتیشى "وەک لە پڕۆژەکەدا هاتووە جێبەجێکردنى خاڵەکانى بەشێکى دەکەوێتە سەر زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان."
گۆڕانگارى بەرچاو لە ئاستى زانستیى زانکۆکان بەدیهاتووە
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، بە بایەخەوە باس لە ڕێزبەندی نیشتیمانیى زانکۆکانى کوردستان کرا، بۆ ئەوەش وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیاند: "دیدگاى وەزارەتەکەمان خستووەتە ناو ڕێزبەندى نیشتیمانیى زانکۆکان بۆ ئەوەى زانکۆکان هان بدەین بەو ئاراستەیە کار بکەین"، ڕوونیشی کردەوە کە تا ئەو کاتەى دامەزراوەیەکى بێلایەن و ئەکادیمى دێ کارى ڕێزبەندى نیشتیمانىی زانکۆکانى کوردستان دەکات، وەزارەت سەرپەرشتى ئەو پڕۆژەیە دەکات و گوتی، "جیگەى شانازییە کە لە ناوچەکەدا جگە لە تورکیا هەرێمى کوردستان تاکە شوێنە، کە ڕێزبەندى نیشتیمانیى زانکۆکانى کوردستانى تێیدا جێبەجێ دەکرێ و، بەهۆى ڕێزبەندییەوە گۆڕانگاریى بەرچاو لە ئاستى زانستى زانکۆکان بەدیهاتووە و، زۆرێک لە زانکۆکان کە پێشتر لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکان نەبوون، ئێستا لەو ڕێزبەندیانە بەدەرکەوتوون."




