٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی عەونی: کاتی دادگاییکردنی مالیکی نیزیکە دەیەوێت خۆی دەرباز بکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (عەلی عەونی) ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ھێرشەکەی (نووری مالیکی) بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە گرتنەوەی مووسڵ نیزیکە و کاتی دادگاییکردن و لێپرسینەوەی (نووری مالیکی)یە، لەبەر ئەوە دەیەوێت بەو قسانە خۆی دەرباز بکات و دەشڵێت، (سەدام حسێن)یش ھێرشی ھێنایە سەر کورد، با ئەویش خۆی تاقی بکاتەوە.

(عەلی عەونی)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لێدوانەکانی (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە ئەنجامی ئەوەوە دێن، کە کۆتاییی شەڕی داعشە و گرتنەوەی مووسڵ خەریکە تەواو دەبێت، چونکە ئەگەر شەڕی داعش کۆتایی ھات، ئەوە کاتی دادگاییکردن و لێپرسینەوەیە لە (نووری مالیکی)، ئەو، هۆکاری ھاتنی داعش و ڕادەستکردنی خاکی عێراقە بە داعش، (مالیکی) دەیەوێت بەو یارییە خۆی قوتار بکات، چونکە کورد و عەرەب و کوردانی ئێزدی بەو ئاسانییە لەو کەسە خۆش نابن و پێویستە دوای شەڕی داعش لێپرسینەوەی لێ بکرێت و بدرێتە دادگا.''

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی پارتی گوتی: ''(نووری مالیکی) دەیەوێت چەندی نیزیک بینەوە لە ھەڵبژاردنەکانی عێراق زیاتر ھێرش بکاتە سەر کورد و ھەرێمی کوردستان، مخابن ئەو کلتوورە لە عێراق پەیدا بووە، بۆ پەیداکردنی دەنگ دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن، لەوەش خراپتر (مالیکی) پشتی بە حەشدی شەعبی گەرمە و دەیەوێت لەو ڕێیەوە ھێرشمان بۆ بێنێ، کاتی خۆی کە مەترسییەکانی ئەو گرووپە توندڕەو و ملیشیاتانەمان دەخستەڕوو، ئەو ڕۆژەمان دەبینی.''

(عەلی عەونی) دەڵێت: ''ئەگەر (مالیکی) و ھاوکارەکانی بیانەوێت ھێرش بکەنە سەر ھەرێمی کوردستان، با خۆیان تاقی بکەنەوە، خۆ پێشتر (سەدام حسێن)، خۆی تاقی کردەوە و ئەوان لە (سەدام) بەھێزتر نین، کاتێک باسی ھەندێ کورد دەکات، ئەوانەی لەگەڵ ئەودان، ئەوە کوردی خۆفرۆشیش ھەن و کێشەی کورد بەو جاشانە لە عێراقدا چارە ناکرێت.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار