ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران قۆناغی یه‌كه‌می تۆماری بایۆمه‌تری تاوتوو كرد

هەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٣٠-٥-٢٠١٧ به سه‌رپه‌رشتیی (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ساز كرد و لە کۆبوونەوەکەدا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران قۆناغی یه‌كه‌می تۆماری بایۆمه‌تری تاوتوو كرد و چەند پێشنیارێکیش خرانە ڕوو.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزی له هه‌موو مووسڵمانانی جیهان و عیراق و كوردستان پیرۆز كرد و هیوای خواست كه ئه‌م مانگه ببێته هۆی خێر و خۆشی بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
دواتر له ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه‌دا (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕاپۆرتێكی وردی سه‌باره‌ت به قۆناغه‌كانی پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری خسته‌ڕوو و تیایدا هه‌موو ئه‌و ورده‌كاریانه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رچاو كرد كه له قۆناغه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون كه تا ئێستا زیاتر له ملیۆنێك و سه‌د و هه‌شتا و چوار هه‌زار كه‌س خۆیان له‌و سیسته‌مه‌دا تۆمار كردووه و ڕێژه‌كه‌ی ده‌گاته ٩١%ی كۆی گشتی. باسی له‌وه‌ش كرد كه هۆكاری زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی تا ئێستا خۆیان له‌و سیسته‌مه‌دا تۆمار نه‌كردووه گرنگترینیان ئه‌وانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن و پێشنیاری كرد كه ڕێكاری پێویست بگیرێته به‌ر تاوه‌كو ئه‌وانیش خۆیان تۆمار بكه‌ن.
چه‌ند پێشنیارێكی دیكه‌شی خسته‌ڕوو له‌وانه سیسته‌می تۆماركردنی بایۆمه‌تری ببێته به‌شێك له سیستمی ئیداری هه‌رێمی كوردستان، به‌رواری ١٥-٦-٢٠١٧ دوا واده‌ی قۆناغی یه‌كه‌می تۆماركردنی بایۆمه‌تری بێت، له مانگی ئه‌یلولی داهاتووه‌وه دابه‌شكردنی مووچه له‌سه‌ر سیسته‌می تۆماری بایۆمه‌تری دابه‌ش بكرێت، ڕاگرتنی مووچه‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان له‌م سیسته‌مه‌دا تۆمار نه‌كردووه و ده‌ستنیشانكردنی تیمیكی پسپۆڕ بۆ پێداچوونه‌وه‌ی میلاكاتی دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دواى پێشكه‌شكردنی چه‌ند تێبینی و سه‌رنجێك له‌لایه‌ن ئاماده‌بوونه‌وه بۆ زیاتر پێشخستنی سیستمی مووچه له هه‌رێمی كوردستاندا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستخۆشیی له (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و تیمی جێبه‌جێكاری پرۆسه‌ی سیسته‌می تۆماری بایۆمه‌تری كرد و ئه‌و كار و چالاكییانه‌ی تا ئێستا ئه‌نجامیانداوه به‌رز نرخێنرا و به پێویست زانرا كه دوای پرۆسه‌كه لێژنه‌یه‌كی پسپۆڕ بۆ پێداچوونه‌وه به میلاكاتی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێت و كۆی پێشنیاره‌كانیش په‌سه‌ند كران.
دواتر له بڕگه‌ی دووه‌می پرۆگرامی كۆبوونه‌ودا كه خستنه‌ڕووی ڕه‌شنووسی نه‌خشه‌ڕێگای په‌ره‌پێدان و چاكسازی له كه‌رتی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی داڕشتنی سیاسه‌تی ئاو له هه‌رێم بوو، له‌لایه‌ن خاتوو (نه‌ورۆز مه‌ولود) وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاره‌وه ڕاپۆرتێك له‌مباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرا و تیایدا كێشه‌ی ئاوی خوارده‌نه‌وه و ئاوه‌ڕۆكان و چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنیان پێشكه‌ش كرا. بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیش چه‌ندین پلان و پێشنیاری خسته‌ڕوو.
دوای گفتوگۆ و دیاركردنی چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ك له‌لایه‌ن وه‌زیره به‌ڕێزه‌كانه‌وه، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستخۆشی له وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار كرد بۆ پلانه‌كانیان له بواری هاوسه‌نگكردنی خه‌رجی و داهاتی ئاوی خواردنه‌وه و پشتگیریی ئه‌نجومه‌ن بۆ پلانه‌كه‌یان نیشان درا. به پێویستییش زانرا سیاسه‌تێكی ڕوون و ئاشكرا و كاریگه‌ری ئاو له هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و بكرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار له‌گه‌ڵ ده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكرێت بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له هه‌رێمی كوردستاندا.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به بۆنه‌ی ١-٦ جه‌ژنی جیهانی منداڵانه‌وه پیرۆزبایی له هه‌موو منداڵانی جیهان و كوردستان كرد و هیوای خواست منداڵانی كوردستان وه‌ك هه‌موو منداڵێكی سه‌ر ڕووی زه‌مین خاوه‌نی ته‌واوی مافه‌كانی خۆیان بن كه نه‌وه‌ی ئاینده‌ن و ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان بنیات ده‌نرێت جا بۆیه چه‌ند گرنگی به منداڵان و ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانیان بدرێت و به ڕێگه‌یه‌كی ته‌ندروست په‌روه‌رده بكرێن، ئه‌وه‌نده ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان گه‌شتر و ڕوونتر ده‌بێت. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی منداڵ و خۆی به پارێزه‌ری ئه‌و مافانه ده‌زانێت.




