عەبدولحەکیم خەسرۆ: مالیکی فاشیلە؛ دەیەوێ بە حەشدی شەعبی کێشە بۆ هەرێم بنێتەوە
__2017_05_30_h16m57s9__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە دیمانەیەکی ڕۆژنامەی ئەخباردا ھەڕەشەی بەکارھێنانی ھێزی لە بەرانبەر ھەرێمی کوردستاندا کرد، لەکاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و جیابوونەوەدا. پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکانیش پێی وایە ھەڕەشەکانی (نووری مالیکی) کاریگەرییان نابێت لەسەر پڕۆسەکە و دووپاتی کردەوە، تەنیا دەتوانێت لە ڕێی ھەندێ گرووپی حەشدی شەعبییەوە ئاڵۆزی بۆ ناوچە کوردستانییە شتازەڕزگارکراوەکان دروست بکات، ئەویش سەرناگرێت.
(دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ)، پسپۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەلاحەدین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەموو ھەنگاوێکی خراپی سەرکردەکانی عێراق لە ھەمبەر ھەرێمی کوردستاندا چاوەڕوان دەکرێت، چونکە ئەوان سەرکردەی فاشیل و ناسیاسین و چاوەڕوان دەکرێت، لەکاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستاندا کاردانەوەیان ھەبێت، بەتایبەت کەسانی فاشیلی وەک (نووری مالیکی)، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بەڵام ئەو ھەڕەشانەی (مالیکی) و ھەندێک سەرکردەی عێراقی ھیچ لە پرسەکە ناگۆڕن و کاریگەرییان لەسەر ڕەوشەکە نابێت، لەبەر ئەوەی خەڵکی عێراق و شەقام لێی بێزارن، لەو (نووری مالیکی)یەی لە کاتی وازھێنانی لە سەرۆکوەزیریدا یەک لەسەر سێی خاکی عێراق لە بن دەستی تیرۆرستانی داعشدا بوو.''
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: (نووری مالیکی) دەیەوێت لە ڕێی ھەندێ گرووپی حەشدی شەعبیەوە، ئەوانەی نیزیکن لە دەوڵەتی قانوون، کێشە بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست بکات، تا ئاستەنگ بخاتە ھەمبەر پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و کێشە بۆ کورد دروست بکات، من پێشبینی ئەوە دەکەم (مالیکی) پەنا بۆ ھەر شتێک ببات، لە پێناو دژایەتیکردنی ھەرێمی کوردستاندا.''
(د.عەبدولحەکیم خەسرۆ) گۆتیشی: ''ئەو بۆچوون و ھەڵوێستەی (مالیکی) ھی ھەموو عەرەب و تەنانەت ھاپەیمانیی نیشتمانیی شیعەش نییە، ئەگەر پەنای بۆ ببات، لەبەر ئەوە من بەوە گەشبینم ھەوڵەکانی سەرناگرن و ھەردەبێ لە ڕێی ڕیفڕاندۆمەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بڕیاری خۆیان بدەن و چارەنووسی خۆیان لە عێراقدا دیاری بکەن، بۆ من وای دەبینم ئەو دژایەتی و کاردانەوەی (مالیکی) و عێراقییەکان کاریگەرییان لەسەر ھەرێمی کوردستان نابێت.''
قائید میرۆ




