ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پرسی تەندروستی، ژینگە، زێدەڕۆیی و هەڵبەز و دابەزی بازاڕ تاوتوو دەكات

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێ، لەبارەی پرسی تەندروستی، ژینگە، زێدەڕۆیی و هەڵبەز و دابەزی بازاڕەوە، قایمقامی هەولێریان بانگهێشت كردووە و، ئەمڕۆیش ئەنجوومەنەكە پرسگەلێك تاوتوو دەكات.
(كەنعان خەیلانی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "سەعات (11)ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، كۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارە (47) بەڕێوە دەچێت، كە تایبەتە بە بانگهێشتكردنی (نەبەز عەبدولحەمید) قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر".
(خەیلانی) ڕوونی كردەوە، "وەكو فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەن میوانداریی قایمقاممان كردووە، پاش ئەوەی حەفتەی ڕابردوو یادداشتێكمان پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی كرد بۆ ئەوەی میوانداری قایمقامی ناوەند و هەموو ئەو لیژنانە بكات كە بەدواداچوونی بۆ بازاڕ دەكەن، بۆ ئەوەی بتوانین كێشە و گرفتەكانی شاری هەولێر بە گشتی و بابەتی تەندروستی، ژینگە و زێدەڕۆیی و هەموو ئەو بابەت و كێشە و گرفتانەی كە هەن، تاوتوو بكەین، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرزی و نزمیی نرخی كاڵا و شتومەكەكان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، بخەینە بەر باسەوە، تا بزانین پلان و بەرنامەی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر چیە، بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەن بەرچاویان ڕوون بێت".
سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەشڵێت، "دواتر لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنەوە كۆمەڵێك پرسیار ئاڕاستەی میوانەكان دەكرێن و وەڵام دەدرێنەوە.".
نەشوان بەرزنجی




