٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شوان محەممەد: ھیچ ئیرادەیەك بۆ چارەكردنی كێشەكانمان لەگەڵ عێراقدا بەدی ناكرێت

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسی بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا دەڵێ، عێراق ھیچ نیەتێكی بۆ چارەكردنی پرسەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا نییە و، ھەرچەندی ئەو كێشانەیش بەو شێوەیە بمێننەوە، ئاڵۆزتر دەبن و چارەیش ناكرێن.

(شوان محەممەد تەھا) بەرپرسی لقی پێنجی پارتی لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ھیچ ئیرادەیەكی سیاسی لە عێراقدا بۆ چارەكردنی پرسە ھەڵواسراوەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا نییە، بە تایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراق كە تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە، لەبەر ئەوە پێم وایە تا ئێمە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنین، ئەو كێشانە نەك چارە ناكرێن، بەڵكوو زۆر گەورەتر و ئاڵۆزتریش دەبن، چونكە لە عێراقدا كەسێك نییە كەسی یەكەم بێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانە".

بەرپرسەكەی پارتی گوتی، "خەڵكی ھەرێمی كوردستان ئەوە لە سەركردایەتیی كورد دەخوازێ رێگەچارەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسەكان ببیننەوە، مادام عێراقیش ئامادە نییە بە دانوستان و دەستوور چارە بكرێن، با چیتر گلەییی خەڵكی نەیەتە سەر ئێمە وەك لایەنی سیاسی و، لە رێگەی ریفڕاندۆمەوە خەڵكی ھەرێمی كوردستان خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، ئینجا چ دەخوازن، بڕیاری ئەوانە".
(تەھا) ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، "ئێمە لە ئێستادا تەنیا كێشەی خاكمان لەگەڵ بەغدا ماوە و بەشێك لە سەركردەكانی عەرەبیش رێز لە بۆچوونی كورد و خەڵكی ھەرێمی كوردستان دەگرن و لەگەڵ ئەوەدان مافی گەلی ئێمە بدرێت، بەڵام ئەوە نابێتە ھۆكار بەو شێوەیە لە عێراقدا بمێنینەوە، بە پێچەوانە پێویستە كار بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بكەین و، هەرگیزیش ئامادە نین دەستی لێ بەردەین".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار