٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەھاب: لێپرسینەوە و دەستگیرکردنی کەسێک بە سیاسی بکرێ، هەڵەیە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info-  (دڵشاد شەھاب) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دەڵێ، ھەندێك لە بەرپرسانی یەكێتی بە ھەڵەدا چوون دەربارەی ئەو ئەندامەیان كە لەلایەن ئاساییشی دھۆكەوە دەستگر كراوە و، ئاساییش و دامودەزگای فەرمی لەسەر پارتی حساب دەكەن. گوتیشی، ناكرێت بانگكردنی كەسێك بۆ دەزگایەكی حكوومی و فەرمی، بە سیاسی بكرێت.

لەبارەی دەستگیركردنی كارگێڕێكی كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ناوی (ھۆگر سەلیم) كە دوێنێ لەسەر ڕێگای ئامێدی و ناحیەی دێرەلووك دەستگیر كراوە، ئاساییشی ئامێدی ڕایگەیاند كە ٢٠ ڕۆژ دەبێت فەرمانی دەستگیركردنی ئەو كەسە لە ناوچەكە ھەبووە و پاشان ڕادەستی ئاساییشی دھۆك كراوە. ئەم بابەتە لە بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەنگدانەوەی جیاوازی هەبوو و بەگوێرەی لێدوانی ئاسایشیش کە دوێنێ دووشەممە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بڵاوی کردەوە، بابەتەکە یاسایی بووە نەک سیاسی.

دەربارەی ئەم پرسە، (دڵشاد شەھاب) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ئەندامێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سنووری پارێزگای دھۆك بۆ ئاساییش بانگێشت كراون، بە ڕاستی ئەم بابەتە ئەمە زۆر زیاتر لە قاڵبی ئاسایی خۆی گەورە كراوە. پێش ھەموو شتێك یەكێتی حزبێكی بنەڕەتیی بەشداری حكوومەتە و دەبێت پێی وابێت كە دامودەزگاكانی ئەم حكوومەتە، دامودەزگای ھەرێمی كوردستانن، بە ئاساییش و بە پۆلیس و ھەموو دەزگاكانی ترەوە، بەڵام بە داخەوە خەڵك لە ئاستی بەرپرسیارەتی و سەركردایەتیی یەكێتی، ناوی ئاساییشی دھۆك بە ئاساییشی پارتی ناو دەبات."

(دڵشاد شەهاب) جەخت دەکاتەوە لەوەی، وەك پارتی شانازی دەكەن كە ئەگەر ئەركی پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵكی لە ئەستۆی پارتیدا بێت، بەڵام دامەزراوەكانی وڵات ھیی دەوڵەت و ھیی بەڕێوەبردن و حوكمڕانین و گوتی، "ئەمانە حەقە ڕێزیان لێ بگیرێت، بە تایبەتی دەزگایەكی وەك دەزگای ئاساییش كەوا بەرچاوترین سەركەوتن ئێستا لە ھەرێمی كوردستاندا، پاراستنی ئەمنیەتی هەرێمە كە بە ماندووبوونی هێزە ئەمنیەكان هاتووەتە كایەوە، بۆیە تێكەڵكردنیان بە كاری سیاسی، بە ڕای من كارێكی نادروستە و نەدەبوو یەكێتی ئەم بابەتە بباتە ئەو قاڵبەوە."

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکات دەپرسێ "بۆچی دەبێت ئەگەر ئەندامێكی حزبێك لە ھەر شوێنێك بگیرێت یاخود بانگێشتی ھەر دامودەزگایەكی ڕەسمی بكرێت، تەفسیر و لێكدانەوەی سیاسی بۆی بكرێـت؟، ئاخر ناكرێ ھاووڵاتی كە ئاراستە و بیرکردنەوە و ئینتیمای جیایان هەیە، دامودەزگاكانی حكوومەت نەتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەن، ئەگەر وا بێت، ئیجرائات و حوكمڕانی ئەركی كێیە؟، ھەموومان ڕێكلامی ئەوە دەكەین كەوا دەبێت بەرپرس بین بەرانبەر یاسا و دەبێت یاسا بە یەكسانی بەسەر ھەموواندا جێبەجی بكرێت. من نەمبیستووە لە ھیچ شوێنێك ئەو مۆدێلە ھەبێت، كاتێك یەكێك بۆ لیپرسینەوە لەلایەن دامودەزگایەكی حكوومەتەوە بانگ دەكرێت، یەكسەر ناسنامە حزبیەكەی بگوترێت و بە مەسەلەیەكی سیاسی ببەسترێتەوە، ئێمە وەك پارتی باوەڕمان وایە ھیچ حزبێكی سیاسی بە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامێكی، لاواز نابێت".
یەکەم: ئەم ڕوووداوە لە قەبارەی خۆی زۆر زیاتر گەورە كرا و، ھەندێك دەزگای ڕاگەیاندن وایان وێنا كرد كە گەورەترین كێشە لەم ناوچەیە ڕووی داوە.
دووەم: نەدەبوو یەكێتی بكەوێتە ئەم ھەڵەیەوە و دامودەزگاكانی حكوومەت و ئاساییش، وەك دامودەزگای پارتی ببینێت.
سێیەم: نەدەبوو بەرپرسانی یەكێتی ئەمە بكەنە ھەڕەشەیەك بۆ پەیوەندیی داهاتوویان لەگەڵ پارتیدا.
ئەم سێ خاڵەی سەرەوە کە بە باوەڕی (شەهاب) سێ ھەڵەی زۆر گەورە بوون پێوەست بەم پرسە كراون و جەخت دەکاتەوە، "ئێمە پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی، زۆر لەوە گەورەتر سەیر دەكەین و، ڕۆژانە لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوە و پەیوەندیی بەردەوام هەیە و باسی چارەكردنی گرفتی زۆر گەورە لە ئاستی ھەرێمی كوردستاندا دەكەین".

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار