٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نازم کەبیر: حەشدی شەعبی تەقەی لە کوردانی ئێزدی کردووە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (نازم کەبیر)، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، حەشدی شەعبی تەقە لە ھاووڵاتییانی کوردی ئێزدی دەکات، ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان. جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، حەشدی شەعبی بووەتە سەرچاوەی کێشە لە عێراقدا و مانەوەیان لە ناوچە کوردستانییەکاندا ڕەوشەکە ئاڵۆز دەکات.

(نازم کەبیر)، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی  کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێشڕەوییەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری ناوچە کوردستانییەکان دەچێتە بابەتی داگیرکردن و شکاندنی ئەو بەڵێن و ڕێککەوتنەی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بەڵام دیارە مەرامی سیاسی لە پشت ھێرشەکانی حەشدی شەعبیەوە ھەیە و پیلانیان ھەیە سنووری سووریا بکەوێتە دەست ھێزەکانی حەشدی شەعبی، ئەوەش مەترسی دەخاتە سەر داھاتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم.''

جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''حەشد شەعبی لە عێراق بووەتە سەرچاوەی کێشە و نانەوەی فیتنە، ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبی لە شنگال داگیری کردوون، ناوچەیەکن بڕیار بوو ھێزی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێکەوە ئەرکی کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی لە ئەستۆ بگرن، بەڵام دیارە حەشد گوێ بە فەرمانەکانی حکوومەتی عێراقیش نادات.''

نازم کەبیر گۆتیشی: ''دوێنێ ژمارەیەک ھاووڵاتیی کوردی ئێزدی دانیشتووی ئەو ناوچانەی حەشد داگیری کردوون ویستویانە بگەڕێنەوە گوندەکانیان و بزانن مڵک و ماڵیان لەسەر دەستی داعش چی بەسەر ھاتووە، بەڵام بەداخەوە لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە تەقە لەو ھاووڵاتییە کوردانە کراوە و حەشدی شەعبی ڕێیان پێ نادات، کە بگەڕێنەوە شوێنەکانیان. لەبەر ئەوە، مانەوەی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە دەبێتە ھۆی ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکەش دژی ئەوەن حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بێت.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار