"وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دامەزراندنی دوو لیوا چاوەڕێی کۆنگرێسی ئەمریکایە"
__2017_05_28_h16m13s9__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، تا کۆتاییی ئەمساڵ دوو لیوای پێشمەرگە دادەمەزرێن، کە لە لایەن ئەمریکاوە پڕ چەک دەکرێن و دەشڵێت، چاوەڕێی بڕیاری کۆنگرێسین بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە و گەیشتنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەو دوو لیوا نوێیەی پێشمەرگە.
عەمید ڕۆکن (ھەژار عومەر)، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەرەڕای ھاوکارییە بەردەوامەکانی ھاوپەیمانیی نێو دەوڵەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارە ئەمساڵ دوو لیوای پێشمەرگە، کە لە لایەن ئەمریکاوە پڕچەک دەکرێن، کارەکانیان تەواو ببێت و دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن. ھەموو چەک و کەلوپەلی سەربازی و مەشق و ڕاھێنانی ئەو دوو لیوا نوێیەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت.''
عەمید ڕۆکن (ھەژار عومەر) گۆتیشی: ''ھاوپەیمانانی ئەمریکایی بەڵێنیان داوە ئەمساڵ ھاوکارییەکان بۆ پڕچەکردنی دوو لیوای پێشمەرگە بگاتە ھەرێمی کوردستان و دەست بە کارەکانیان بکەن، بەڵام ئێستا چاوەڕێی بڕیاری کۆنگرێسی ئەمریکان بۆ نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی دوو لیوا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە و ئەوانیش پێشبینیی ئەوەیان دەکرد تا ساڵی نوێ ھەموو کارەکان کۆتاییان دێت و كۆنکرێسیش بڕیاری خۆی دەدات.''
قائید میرۆ




