چاودێرانی سیاسی: هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بۆ سەربەخۆیی، پشتیوانیی زیاتریان لێ دەكرێ

هەولێر-KDP.info- چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەدەن، هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ پرسی سەربەخۆیی گرینگن و، تا دێ پشتیوانیی فراوانتریان لێ دەكرێت.
ڕۆژ بە ڕۆژ هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ پرسی ریفراواندم چڕتر دەبنەوە و پشتیوانیی فراوانیشیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لێ دەكرێت، وەك ژەنەڕاڵ (ڤنسنت ستیوارت)، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی سوپای ئەمریكا (DIA) لە دانیشتنێكی كۆنگرێسی ئەمەریكادا رایگەیاند، پرسی سەربەخۆیی كوردستان پەیوەستە بە كاتەوە، نەك بەوەی كە دەبێت یان نا، ئەگەر لایەنەكان لەگەڵ بەغدا رێك نەكەون، ئەوا دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، هەر بۆیە ریفراندۆمی مانگی تشرینی یەكەم زۆر كاریگەر دەبێت".
ڕای نەتەوە یەكگرتووەكان زۆر گرینگە
(د. مەدحەد سلێمان) چاودێری سیاسی و ڕاوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ مالپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "وڵاتانی جهیان لە پرسی سەربەخۆییی كوردستان و ڕیفراندۆم گەییشتوون و دەیانەوێت رێز لە ئیرادە و ویستی خەڵكی كوردستان بگرن، لەهەمان كاتدا هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەوەی ئەو پرسە بگەیێنێت بە جیهانی دەرەوە، زۆر فراوان بوون، لە ماوەیەكی كەمیشدا زۆرترین دیداری ئەنجام داوە و لە سەرجەم دیدارەكاندا پشتیوانی بۆ پرسی ڕیفراندۆم راگەیێنراوە، بە تایبەت دوای سەردانی بۆ داڤۆس، (سەرۆك بارزانی) ئەو پەیامەی داوەتە بەشێكی زۆری وڵاتان و لە ناویاندا واشنتن بە فەرمی ئاگادارە و لە ئاستی زۆر باڵایش پشتیوانی بۆ گەلی كوردستان دەردەبڕن، هەروەها چەندین سیناتۆری ئەمەریكایی و كەسانی باڵادەست لە ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ)، ئامادەن پێشوازی لە بڕیاری گەلی كوردستان بكەن، كە ئەمەیش دەرئەنجامی ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی (سەرۆك بارزانی)ـیە".
(سلێمان) گوتیشی: "سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە دواقسەی خۆیدا ئاماژەی بەوە داوە كە (بارزانی) پرسی ڕیفراندۆمی لەگەڵ باس كردوون، بۆیە زۆر گرینگە نەتەوە یەكگرتووەكان وەك لایەنێك لەگەڵ ئەو پرسەدا بن، جگە لەوەیش گرینگە پەلە بكرێت لە دروستكردنی كۆدەنگی و دیاریكردنی كات بۆ ڕیفراندۆم".
دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی ژەنەڕاڵ (فینسینت ستیوارت) ڕایگەیاند "سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، تەنیا پێوەستە بە كاتەوە." ئەمە لە كاتێكدایە كە بەرپرسانی باڵای هەرێم، باس لەوە دەكەن كە لە پاییزی ئەمساڵدا، ڕیفراندۆم دەكرێت.
لێدوانی ژەنەڕاڵ (فینسینت)، هاوكاتە لەگەڵ سەردانی شاندێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (مەسروور بارزانی)، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن بە مەبەستی تاوتووكردنی دۆسیە سیاسی و ئەمنی و سەربازییەكان، لە نێویشاندا پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، كە لەگەڵ ناوەندی بڕیار لە كۆشكی سپیدا، كۆ دەبنەوە.
ئەو ژەنەڕاڵە لە لێدوانێكیدا كە مێدیكانی ئەمەریكا بڵاویان كردووەتەوە، دەڵێت: "سەربەخۆیی كوردستان لە عێراقدا، تەنیا مەسەلەی كاتە و هیچی دیكە".
لەسەر پرسی ڕیفراندۆم جیددین
پێوەست بەم پرسە (عەلی عەونی) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "بێگومان زۆر گرینگە بۆ یەكەم جار پرسی مافی چارەنووس چووەتە ناو كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و قسەی لەسەر كراوە، ھەروەھا ئەوەیش بەفەرمیكردنی پرسێكی جێبایەخی كوردە، چونكە پێشتر نەتەوە یەكگرتووەكان ناوەندێك بووە بۆ ڕەواییدان بەو كارەسات و زوڵمانەی لە ئێمە كراوە، كە بریتین لە ئەنفال، كیمیاباران و تەعریب".
(عەونی) ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئومێدمان بەوە ھەیە بتوانین چارەسەری كێشەی كورد لە چوارچێوەی دانوستانەكانی نێوان گەلی كورد و گەلی عەرەب، بەبێ ھیچ نێوەندگیرییەك بكرێت، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ئێمە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم جیددین، ھەروەھا ئەوەیش وەڵامێكە بۆ ئەوانەی پێیان وایە كە بابەتی ریفراندۆم تەنیا فەرزكردن و موزایەدەیە".
ئەو دەڵێ: "ناكرێت هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) لەو بارەیەوە نادیتە بگیرێن، چونكە ئەو هەوڵێكی یەكجار زۆری داوە بۆ ئەوەی ئەو پرسە بگەیەنێتە ئاستی وڵاتان و ئێستایش هەوڵەكان بۆ پشتیوانیكردن لێی، فراوانتر دەكرێن".
جیا لە بەرپسانی باڵای ئەمەریکا، (یان كۆبیچ) نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، لە میانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی كە لە (نیویۆرك) بەڕێوە چوو، ئەوەی ڕاگەیاند كە، سەركردەكانی ھەرێمی كوردستان دەڵێن، ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەن.
ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەركردەكانی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكەنەوە كە، ئامانجی ئەنجامدانی ریفراندۆم بە واتای راستەوخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نییە، بەڵكوو بۆ ئەوەیە نیازی خەڵكی كوردستان بۆ جیهان ئاشكرا بێت".
عێراق كۆتایی هاتووە
(ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "پێم وایە لە ساڵی 2003 كورد هەڵەیەكی گەورەی كرد كە چووە بەغدا و عێراقێكی نوێی دروست كرد، بۆ ئەوەی كورد ئەو هەڵانە دووبارە نەكاتەوە، دەبێت جارێكی دیكە دەستی عێراق نەگرێتەوە و واز لەو وڵاتە بهێنێت، عێراق ئێستا بووەتە سێ بەش، حكوومەتی تەكنۆكرات هیچ شتێكی بۆ نییە، (عەبادی) كە داوای خەڵك دەكات بۆ حكوومەتی تەكنۆكرات، داوا دەكات كە نوێنەری حزبەكان نەبن، ئەی خۆی نوێنەری حزب نییە، بۆچی بۆ خۆی حەڵالە و بۆ خەڵكێكی دیكە حەرامە؟ لەبەر ئەوە عێراق كۆتایی هاتووە و، حەق وایە ئێمە تەنیا دراوسێیەكی باشی عێراقیش نەبین".
(ئازاد) ڕوونیشی كردەوە: "ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵام دەبێت ماڵی كورد ڕێك بخرێتەوە، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی نزیكتر بن لە یەكدییەوە، ئەگەر كێشەیەك لە نێوانیان هەبێت، دەبێت ئەو كێشەیە نەهێڵن و چارەی بكەن، چونكە پێم وایە چارەكردنی كێشەی كورد لە دەست یەكێتی و پارتیدایە، ئەوە نییە لە سەنگی هێزەكانی دیكە كەم بكەمەوە، نەخێر، بەڵام ئەو دوو هێزە مێژوو شایەتییان بۆ دەدات".
دەشڵێت: "پێویستە ئەو دوو لایەنە چۆن لە ڕۆژی تەنگانەدا شاسواری مەیدان بوون، لە ڕۆژی دیاریكردنی چارەنووسی میللەتی كوردیشدا هەر شاسواری مەیدان بن، چونكە هەلێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە و دەبێت ئەو هەلە لە دەست نەدەین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین".
كارزان سەباح هەورامی




