٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

رۆمیۆ هەکاری: حەشدی شەعبی ژمارەیەک خانووی کریستیانەکانی خاپوور کردووە

سەرچاوە: KDP.info

دەشتی نەینەوا-KDP.info-  (رومیۆ ھەکاری)، سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن دەڵێت، حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکان ژمارەیەک خانووی ھاووڵاتییە کریستیانەکانی دەشتی نەینەوایان خاپوور کردووە. دەشڵێت، پێویستە حەشدی شەعبی دەشتی نەینەوا چۆڵ بکات و ھێزی خۆمان، کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە شوێنیان بگرێتەوە.

(رومیۆ ھەکاری)، سکرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەڕاسیۆنی گرتنەوەی شاری مووسڵدا بڕیار بوو تەنیا ھێزەکانی سوپای عێراق بچنە ناوچەکە، بەڵام دواتر حەشدی شەعبی ھێرشیان دەست پێ کرد و ئێستا چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لە نێو شار و شارۆچکە مەسیحینشینەکانی دەشتی نەینەوادا ھەن، ئەوەش بووەتە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بەتایبەتی بۆ قۆناغی دوای گرتنەوەی شاری مووسڵ و کۆتاییھاتنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعش و دەشگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕەفتارەی حەشدی شەعبی ساڵی ڕابردوو لە ھەردوو پارێزگای ئەنبار و تکریت ئەنجامی دا و تێیدا چەندین ھاووڵاتی کوژران.''

سکرتێری گشتیی بەیتنەھرێن ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''بەھۆی ئەو مەترسییەی لە دەشتی نەینەوا ھەیە خەڵکی ئاوارە کەمتر دەگەڕێتەوە و پێشبینی دەکەن ئەگەر حەشدی شەعبی پاشەکشە نەکات ھەمان مەترسیی کە لە ئەنبار و تکریت هەیبوو، لەسەر مووسڵیش ھەبێت.''

(رومیۆ ھەکاری) گۆتیشی: ''لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا سەد خانووی کریستیانەکان لە بەرتلە و قەرەقوش لە لایەن ھێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیەوە خاپوور کراون، بە ھۆی ئەو ڕەفتارانەوە داوامان کردووە ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی ناوچە کریستیانەکان بەجێ بێڵن و لە شوێنی ئەوان ھێزەکانی خۆمان جێگیر دەکرێن، لەوانە ھێزی دەشتی نەینەوا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەوان دەتوانن زیاتر پارێزگاری لە دەشتی نەینەوا بکەن و شارەزاییان لە خەڵکی ناوچەکە ھەیە.''

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار