هەڵەبجەییەكان ستاییشی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت دەكەن.. 90%ـی كێشەكانی پێ چارەسەر دەكرێن

هەڵەبجە-KDP.info- بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 11 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردن و تەواوكردنی دوو پڕۆژەی ستراتیژی بۆ زانكۆی ھەڵەبجە تەرخان كرا. قوتابیان، مامۆستایانی زانكۆ و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییش، ستاییشی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت دەكەن.
قوتابیی زانكۆی هەڵەبجە (سوهەیب عوسمان)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە بیستنی تەرخانكردنی بوودجەی پێویست بۆ زانكۆی هەڵەبجە خۆشحاڵ بووم، هیوادارم حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرینگیی زیاتر بە زانكۆكەمان بدات تاوەكوو ئاستی زانكۆی هەڵەبجەیش بۆ ئاستی زانكۆ پێشكەوتووەكان بەرز بكرێتەوە".
(عوسمان) گوتیشی: "دڵنیام بە دابینكردنی ئەو بڕەپارەیە بۆ زانكۆی هەڵەبجە، دەتوانرێت 90%ـی كێشەكانی پێ چارە بكرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا هەلی كار بۆ هەڵەبجەییەكان دروست دەكات، بۆیە وەك قوتابییەكی زانكۆ دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم و، داواكاریشم كار بۆ چارەكردنی كێشەكانی مامۆستایانی زانكۆكەمان بكەن".
(فەرهاد قادر)، سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "وەكوو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەڵەبجە، دەستخۆشی لە هەنگاوەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ زانكۆی هەڵەبجە كە، بە ڕاستی هەنگاوێكی زۆر باش بوو و چەند ساڵێك بوو وەك ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە لەگەڵ سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر خەت بووین بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی سەرۆكایەتیی زانكۆ و بەشەناوخۆییەكانی كوڕان كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون".
(قادر) هێمای بۆ ئەوەیش كرد: "لە ماوەی ڕابردوودا، پڕۆژەیەكی 12 ملیار دیناریمان بە حكوومەت دا بۆ چارەكردنی كێشەی ئەو دوو پڕۆژەیەی كە لە ئێستادا حكوومەتی هەرێم پارەكەی بۆ تەرخان كردووە، ناتوانین بڵێین پڕۆژەكەی ئێمەیە، بەڵام ئەو ئامانجەی ئێمە كارمان بۆ دەكرد، لەم بڕیارەی حكوومەتدا هاتووەتە دی كە خزمەتێكی بەرچاو بە زانكۆی هەڵەبجە دەكات و جێگای دەستخۆشی و ستاییشە".
(هۆشمەند عەتا مەحموود) مامۆستای زانكۆی هەڵەبجە لە بەشی زانستە كۆمەڵایەتییەكان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی بڕی 11 ملیار و 300 ملیۆن دینار بۆ زانكۆی هەڵەبجە، زۆر گرینگ بوو كە زانكۆكەمان لە سەرەتای بنیاتناندایە و بە هۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكانی وەستابوون، بە تایبەت بەشەناوخۆییەكانی كوڕان و سەرۆكایەتیی زانكۆكەمان".
(مەحموود) دەشڵێت: "بەشەناوخۆیی كوڕان لەناو ماڵاندا خانوومان بۆ بە كرێ گرتبوون، بەمەیش زۆر زەحمەت بوو بتوانین وەك پێویست خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دابین بكەین، بەڵام دەتوانین بڵێین دابینكردنی ئەو بڕەپارەیە كە بڕی 5 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی بەشەناوخۆییەكانە، زۆربەی كێشەكانمان چارە دەكات".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ ڕوونیشی كردەوە: "بەشی دووەمی پارەكە، كە بۆ سەرۆكایەتیی زانكۆی هەڵەبجەیە، بڕی 6 ملیار و 300 ملیۆن دینارە، كە هەنگاوێكی گەورە زانكۆی هەڵەبجە بەرەو پێشەوە دەبات، بێگومان دابینكردنی ئەو بڕەپارەیەیش لە كاتی قەیرانی داراییدا، بڕیارێكی زۆر گرینگ و پڕبایەخە بۆ زانكۆی هەڵەبجە و، جێگای دەستخۆشی و ستاییشە".
هێڤیار هەڵەبجەیی




