سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

هەولێر-KDP.info- رۆژی دووشەممە 13ـی 5ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێنین هێنس پڵاسخارد نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كرا. هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەنگاوەكان بۆ خێراتركردنی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم بە هەواڵێكی دڵخۆشكەر بۆ هەموو لایەك لە قەڵەم دا. بارودۆخی ناوچەكانی ماددەی سەد و چلی دەستووری عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتوووەكان لە یارمەتیدانی هەردوولا بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوانیان تەوەرێكی دیكەی ئەو دانیشتنە بوو.




