١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

ئاشنا بابان بۆ KDP.info: خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی لەگەڵ یەکگرتنن نەک شارچێتی

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- شڕۆڤەکارێکی سیاسیی شاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ و جیاکردنەوەی سلێمانی دەدەن، گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی ڕەسەنی شارەکە ناکەن، جەختیشی کردەوە کە خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی وەک بنەماڵەی بابانییەکان، بە توندی دژی هەر هەوڵێکی پارچەپارچەکردنی کوردستانن و لەگەڵ یەکپارچەییی نیشتماندان.

ئاشنا بابان، شڕۆڤەکاری سیاسی لە شاری سلێمانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئێمەی خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی ئەوەندە نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەرین، نەک هەر لەگەڵ جیاکردنەوەی سلێمانی نین، بەڵکو لەگەڵ ئەوەین هەر چوار پارچەی کوردستان یەک بگرێت. ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەگوزەرێت، چەند کەسێکن کە یان خەڵکی سلێمانی نین یان دەستێکی دەرەکییان لەپشتە، چونکە خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پارچەپارچەکردنی کوردستاندا نین، بۆ بیرهێنانەوەش، کاتێک ساڵی ڕابردوو کەزیی ئەو کچەی ڕۆژئاوای کوردستان بڕا، ئێمەی خەڵکی سلێمانی هاوارمان دەکرد کە لەگەڵ یەکپارچەییی کوردستانداین."

ناوبراو ئاماژەی بە مێژوو و ڕەسەنایەتیی شارەکە کرد و گوتی، "بناغەی سلێمانی لەسەر خزمەتکردن بە نەتەوە و هێنانەئارای زمانی پاراوی کوردی دامەزراوە. ئەم هەوڵەی ئێستا و دروستکردنی کەمپین، دەستێکە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی کوردستاندا، لای ئێمە هیچ جیاوازییەک لە نێوان شارەکانی کوردستاندا نییە و ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن بە خەڵکی خۆمانیان نازانین. ئێمە هەرگیز لەگەڵ شارچێتیدا نەبووین و نابین، بەپێچەوانەوە، کەس هێندەی ئێمەی خەڵکی سلێمانی نەتەوە و وڵاتی خۆی خۆش ناوێت."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، ئاشنا بابان دووپاتی کردەوە، "ئەم جووڵانەی ئێستا دەکرێن هیچ ئەنجام و بەرهەمێکیان نابێت. ئێمە لەگەڵ یەکپارچەییی هەرێمی کوردستانداین و هەر کاتێک نیشتمان پێویستی بە خەڵکی سلێمانی بێت، درێغی ناکەین لە بەرگریکردن و بەهاناوەچوونی خەڵکی خۆمان، ئێمە وەک یەکێک لە بنەماڵە ڕەسەنەکانی شاری سلێمانی لە بابانییەکان، دژی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی بدرێت."

قائید میرۆ