عەلی حسێن بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی وتارێکی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چین پێشکەشکرد

چین-KDP.info- عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی و شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریی لە خولی پێنجەمی کۆنفڕانسی دیالۆگی نێوان حزبی شیوعیی چین و حزبەکانی وڵاتانی عەرەبی و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چیندا کرد و وتارێکی پێشکەش کرد.
عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی چین بەشدار بوو لە خولی پێنجەمی کۆنفڕانسی دیالۆگ لە نێوان حزبی شیوعیی چین و حزبەکانی وڵاتانی عەرەبی.
لە سەردانەکاندا کە لە ٩ی تشرینی دووەم دەستیان پێکرد، چەندین کۆبوونەوە و سیمینار لە میانی کۆنگرە و کۆنفڕانسەکاندا بە بەشداریی جێگری وەزیری دەرەوە و سەرۆک و جێگری پەیوەندییەکانی حزبی شیوعیی چین و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چین و ئەندامانی پەرلەمانی چین و بەرپرسانی حزبی و حکوومیی ئەو وڵاتە و وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوەچوون.
هاوکات عەلی حسێن بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی لەبارەی مێژوو و خەباتی گەلی کوردستان و ڕۆڵی پارتی و بارزانی لە ئاستی کوردستان و عێراق و کاریگەرییان لە ناوچەکە پێشکەش کرد، هەروەها باسی لە هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و وڵاتی چین کرد. دواتر کۆبوونەوەیەک لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی گەلی چین بەڕێوەچوو و عەلی حسێن وەک نوێنەری عێراق و هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.
هەر لە میانی ئەو سەردانانەدا، بە ئامادەبوونی نوێنەری پارتی و شاندی حزبە بەشداربووەکان، بارودۆخی جیهان و ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بابەتی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و ڕۆشنبیری لە میانی چەندین کۆبوونەوەدا تاوتوێ کران. هاوکات شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە پەکین کۆبوونەوە.


