١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی ئیتاڵیا هێمن هەورامی جەخت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی دابەشکردنی هەرێم دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی پێشوازی لە کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد، لە دیدارەکەدا کونسوڵی ئیتاڵیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٦-١١-٢٠٢٦، د.هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازی لە تۆماسۆ سانسۆنی کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا هێمن هەورامی بە وردی سەرجەم هەنگاوە سیاسیەکانی پارتی لە دوو ساڵی ڕابردوو بۆ گفتوگۆکان و ڕێککەوتن خستەڕوو و هاوکات تەواوی ڕێککارە یاسایی و پەیڕەوییەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانی بۆ کونسوڵی ئیتاڵیا ڕوونکردەوە.

هەورامی جەختی لەوەش کردەوە کە لە چوارچێوەی بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆبوونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ برایانی یەکێتی، ئامادەیی تەواوی پارتی دووپاتکردەوە.

لەبارەی دەنگۆ و هەوڵی نەشازی هەندی کەس و لایەن بۆ پەرتکردنی هەرێمی کوردستان، دکتۆر هێمن هەورامی ئەوەی ڕوونکردەوە کە پارتی و گەلی کوردستان و دڵسۆزانی خەڵک و خاکی کوردستان سڵ لە هیچ میکانیزمێک ناکەنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەس و لایەن و هەوڵە نا کوردستانیانە.

لای خۆشیەوە کونسوڵی ئیتاڵیا هەڵوێستی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە کە ئیتاڵیا پەرۆشی پاراستن و برەوپێدانی زیاتری هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتووە و خوازیارن گفتوگۆ سیاسیەکان بەردەوام بن و بە دیالۆگ ڕێککەوتن بکرێ.

لە کۆتاییدا لەسەر پەرەسەندنەکانی عێراق و دەورووبەر بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.