موسا ئەحمەد بۆ KDP.info باسی ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم وەرزە و نەشتەرگەریی تایبەت بۆ کەمداهاتان دەکات

هەولێر -KDP.info- سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ئاشکرای دەکات، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و کارەساتەکانی وەرزی زستان، تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە. هاوکات واژۆکردنی گرێبەستێکی تەندروستی لەگەڵ نەخۆشخانەیەکی ناسراوی هیندستان ڕادەگەیەنێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە تایبەتیەكانی هاووڵاتییانی کەمداهات.
موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی دەزگاکەیان بۆ وەرزی سەرما و زستان و گوتی، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دابارین و بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانی کەشناسی، سەرجەم تیمەکانمان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر ئەگەرێکی ڕوودانی لافاو و کارەساتە سروشتییەکان. بۆ ئەم مەبەستەش، بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی وەڵامدانەوەی خێرای پارێزگای هەولێر، تیمێکی تایبەتی فریاکەوتنمان پێکهێناوە کە مەشق و ڕاهێنانی چڕیان لە بوارەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی و بەرگریی شارستانیدا پێدەکرێت."
سەبارەت بە میکانیزمی بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕوونی کردەوە، "لە کاتی ڕوودانی هەر کارەساتێکدا، جگە لە ناردنی تیمەکانی فریاکەوتن، ڕزگارکردنی هاووڵاتییان و خاوێنکردنەوەی ماڵەکانیان، دابینکردنی خۆراکی وشک، ژەمەخواردنی گەرم، ئاوی خواردنەوە، پێداویستییەکانی ناوماڵ، بەتانی، جلوبەرگ، هاوکاریی پزیشکی و شیر و پێداویستیی منداڵان لە پێشینەی کارەکانمان دەبن."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، موسا ئەحمەد ئاماژەی بە ڕۆڵی مرۆیی دەزگاکە لە دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "هاوکارییەکانمان سنوورە جوگرافییەکانیان تێپەڕاندووە، باشترین نموونەش دوای بوومەلەرزەکانی ٦ـی شوباتی ٢٠٢٣ بوو لە تورکیا و سووریا، کە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز مەسروور بارزانی و بە پاڵپشتیی بەخشەران، کاروانی هاوکارییەکانمان گەیاندە زیاتر لە ١٠ شار و ناوچەی زیانلێکەوتووی ئەو دوو وڵاتە."
لە کۆتاییدا، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی نوێترین دەستکەوتی تەندروستیی دەزگاکەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، "ڕێکەوتی ٢٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، گرێبەستێکی هاوکاری و لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ نەخۆشخانەی (میۆت) لە وڵاتی هیندستان واژۆ کردووە. ئامانج لەم هەنگاوە، دابینکردنی چارەسەری پزیشکییە بۆ نەخۆشانی کەمداهات و کارئاسانیکردنە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە ئاڵۆزەکان."
ئاماژەی بەوەش دا کە بەپێی ناوەڕۆکی گرێبەستەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، تیمە پزیشکییە پسپۆڕەکانی هیندستان دەهێنرێنە ناوچەکە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە تایبەت و وردەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەوتووەکان.
ئەژین غەفار




