کەرکووکی: هەوڵەکانی لێکترازان سەرناگرن.. هەرێم بەپێی دەستوور یەک هەرێمە

هەولێر-KDP.info- کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، داوا لە پەرلەمانتارانی سەرجەم حزبەکان دەکات لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی سوێندە یاساییەکەیان بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان و ڕاشیدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور یەک هەرێمە و هەوڵەکانی لێکترازان و دوو ئیدارەیی سەرناگرن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، ۱٥ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲٦، کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەڵوێستی پارتی ڕوون و ئاشکرایە و بەردەوام سەرۆک بارزانی و پارتەکەش داوایان لە هەموو لایەک کردووە، پەرلەمانتاران بچنە پەرلەمان و کارەکانی خۆیان بە دروستی بکەن، تاوەکو خزمەتی هەرێم و گەلی کوردستان بکەن و ئەو سوێندەی خواردوویانە جێبەجێی بکەن.
کەرکووکی گوتیشی، "هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور یەک هەرێمە و هیچ هەوڵێک لەو پێناوەدا سەرناگرێت.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتیی باسی لەوە کرد، ئەرک و مافی یەکێتییە هاوشێوەی پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن. گوتیشی، پێمان باشە هەموو لایەنەکان پێکەوە لە پەرلەمانی کوردستان دابنیشن و کەس داوایان لێ ناکات وەک ئەوان قسە بکەن، بەڵکوو مافی خۆیانە لەوێ ڕای خۆیان بە ڕێکوپێکی دەرببڕن.
دەربارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ ڕەتکردنەوەی داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمان، کەرکووکی ئەوەی خستەروو، ئەو بڕیارە بۆ ئەوان زانراو بوو، چونکە بابەتەکە پەیوەندی بە ماددەی دەستوورییەوە هەیە. ڕوونیشی کردەوە، لە سەرانسەری جیهاندا دوای هەڵبژاردن هەر لایەنێک زۆرینەی دەنگی ناو پەرلەمان بەدەست بهێنێت، دەتوانێت سەرۆکایەتیی پەرلەمان دابنێت، لیژنەکان پێکبهێنێت، چاودێریی حکوومەت بکات، متمانە بە حکوومەت بدات و یاسا دەربکات یان هەمواری بکاتەوە.
هەروەها کەمال کەرکووکی جەختی لەوە کردەوە، ئەو دۆخە بۆ ئەوان ڕوون و ئاشکرا بوو و بەداخەوە ئەو لایەنانەی سکاڵایان تۆمار کرد نەدەبوو ئەو کارە بکەن.
لە کۆتاییدا سەبارەت بە پرسی دوو کارگێڕی (دوو ئیدارەیی)، کەمال کەرکووکی گوتی، خەڵکی کوردستان و یاسا و دەستوور ئەوە پەسند ناکەن، هیواشی خواست هەموو لایەنەکان بێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست و پێکەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان و گەلەکەیان بکەن، چونکە هێشتا ئەرکی زۆریان لە پێشە و نابێت هیچ لایەن و کەسێک ببێتە هۆکاری لێکترازانەکان.




