ساناو جوانڕۆیی بۆ KDP.info: بۆردێکی نوێ بۆ ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دادەمەزرێنین و پاڵپشتییان دەکەین

سلێمانی-KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بە مەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی پەیڕەویی و گرنگیدانی زیاتر بە ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەییەکان، (بۆردی ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەیییەکان)یان دامەزراندووە و بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساناو فەرەیدوون جوانڕۆیی یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، گوتی، "لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستن بڕیارمان داوە گرنگیی زیاتر بە ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەیییەکان بدەین، لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا بەشی جەماوەری و پێشەیی لە ناو مەکتەبی ڕێکخستن نەبوو، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بۆردی ڕێکخراوەکانمان دامەزراند کە سەرپەرشتیی کارەکانیان دەکات و هەماهەنگیی تەواوی لەگەڵ سەرجەم لقەکانی حزبدا هەیە تا ئاسانکاری بۆ کار و پڕۆژەکانیان بگوێزرێتەوە."
سەبارەت بە هاوکارییە دارایی و پشتیوانییە بەردەوامەکان، ساناو جوانڕۆیی ڕوونی کردەوە، "چەندین جار لەسەر بودجەی حزب هاوکاریی مادی پێشکەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پێشەیییەکان کراوە، بە تایبەتی ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە ڕەخساندنی هەلی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی گشتی. هەروەها پشتیوانیی تەواو لە چینی ئافرەتان و سەرجەم توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکەین."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، جەختی لەسەر بەردەوامیی دیدارەکان کردەوە و گوتی، "بەرنامە و پلانی گونجاومان داناوە تا بەردەوام کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ ڕێکخراوەکان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی هیچ دابڕانێک دروست نەبێت. پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و بەپێی ڕێنماییەکانی بارزانیی نەمر، بەردەوام پاڵپشتی قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و تەواوی پیشەوەران بووە، چونکە ئێمە حزبێکین لەسەر بنەمای جەماوەر دامەزراوین و حزبی گەلین."
قائید میرۆ




