بەرپرسى دەستەى کارگێڕ پێشوازى لە نەقیب و ئەندامانى ئەنجوومەنى باڵاى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان کرد

ھەولێر-KDP.info- ئهمڕۆ، شەممە ڕێکەوتى ١٤ی ١١ی ٢٠٢٦، لە پیرمام، بەرێز فازڵ میرانى بەرپرسى دەستەى کارگێڕى مەکتەبى سیاسيی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشوازيکرد لە د. محمەدتاهیر مەلاپیر نەقیبى سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان و ئەندامانى ئەنجوومەنى باڵاى سەندیکا.
لهدیدارێکدا، کە هەڤاڵ (مەحموود محەمەد) ئەندامى دەستەى کارگێڕ و هەڤاڵان (زەعیم عەلى و نەوزاد هادى) ئەندامانى مەکتەبى سیاسى ئامادەیبوون، فازڵ میرانى پیرۆزبایى بەستنى دووەمین کۆنگرەى سەندیکاى ئەندازیارانى ئاراستەى شاندى میوان کرد و تیشکى خستە سەر ئەرک و بەرپرسیاریەتیان لە قۆناغى ئەمڕۆى کوردستاندا کە قۆناغى بونیادنەوە و پێشخستنى وڵاتە و ئەندازیارانیش داینەمۆى ئەو پڕۆسەیەن، هەروەها چاوەڕوانییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستانى لە سەندیکاکە وەکو ماڵى سەرجەم ئەندازیاران خستەڕوو و هیواى خواست کە بە یەک دەستى و یەک ئاراستەیى کاربکەن و نموونەیەکى پێشکەوتوترى کارى سەندیکایى نیشان بدەن.

لە تەوەرێکى دیکەى دیدارەکەدا، باس لە گرنگى سەندیکا و ڕێکخراوەکان کرا وەکو زەرورەتێکى کۆمەڵگاى پێشکەتوو، لەم سۆنگەیەوە ئەرک و بەرپرسیاریەتى سەندیکاى ئەندازیانى کوردستان بەگرنگ زانرا بۆ خزمەتکردنى ئەندازیاران و هاوکات هاوکاریکردنى حکوومەت و پڕۆسەى پێشخستنى وڵات چونکە ئەندازیاران توێژێکى گرنگى کومەڵگاکەمانن و نەخشیان لە ئاوەدانى و پێشخستنى وڵاتدا هەیە.
لە بەرامبەردا شاندى میوان، وێڕاى دەربرینى سوپاس و پێزانین بۆ پێشوازیکردنیان، ئاماژەیان بە بەرنامە و پلانى داهاتووى خۆیان و سەندیکاکەیان کرد و، تیشکیان خستە سەر پلان و چالاکیەکانیان تایبەت بە ڕاهێنان و ڕەخساندنى هەلى کار و ڕێکخستنەوەى ئەرک و کارەکانى سەندیکا و بەرنامە هاوبەشەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانى حکوومەت بە سوود بینین لە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیاکان کە ئەمەش هەمووى لەپێناو خزمەتکردنى ئەندازیاران و نیشتمانەکەمان دایە.
لە کۆتاییدا، جەخت لە هاوکارى و پاڵپشتى بەردەوامى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ سەرجەم یەکێتى، سەندیکا و رێکخراوەکان بە گشتى و، سەندیکاى ئەندازیارانى کوردستان بەتایبەتى کرایەوە و ئومێدى سەرکەوتنیان بۆ خواستن لە کار و پڕۆژەکانى داهاتوویاندا.





