بە دروشمی (هیوا دەچێنین، داهاتوو دروست دەکەین) خێوەتگەی دێدەوانیی هەرێم کرایەوە

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە (١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦)، یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەی تەوسکە، خێوەتگەی دێدەوانیی تایبەت بە کادیرەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، لەژێر دروشمی (هیوا دەچێنین، داهاتوو دروست دەکەین) کردەوە.
ڕێوڕەسمی کردنەوەی خێوەتگەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هیوا گەیلانی بەرپرسی لقی ٢٤، ئاری نانەکەلی بەرپرسی لقی ١٦، د. زانا مەلا خالید بەرپرسی لقی دوو، شیلان شێخ جەعفەر بەرپرسی بەشی جەماوەرییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، و شڤان مەحمود سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو.

ئامانج لە کردنەوەی ئەم خێوەتگە دێدەوانییە، ڕەخساندنی دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پەرەپێدانی تواناکانی کادیرانی لاوان و قوتابیان، گەشەپێدانی لێهاتوویی و کارامەییەکانیان، هەروەها قووڵکردنەوەی گیانی کاری هاوبەش و بەهێزکردنی ڕۆڵی سەرکردایەتیکردن لەنێو ڕیزەکانی ئەو توێژەدا.
ئەم چالاکییە وەک هەنگاوێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیار، کارا و خاوەن دیدگایەکی ڕوون بۆ داهاتوو، نەوەیەک کە بە چەکی زانست و ئەزموونەوە ئامادە بکرێت بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پێشخستنی کایەکانی ژیانی گشتی لە کوردستاندا.





