١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

نووری حەمە عەلی بۆ KDP.info: بۆشایی ئەمنی هەیە و ڕووداوەکەی کەرکووک زەنگێکی مەترسیدارە

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک-پردێ ڕایگەیاند، ئەو جموجۆڵەی شەوی ڕابردوو لە سنووری هێزە عێراقییەکان ڕوویداوە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە دروست بووە، جەختیشی کردەوە کە لە سنووری هێزی پێشمەرگە هیچ جموجۆڵێکی تیرۆریستان نییە و پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواودایە.

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک-پردێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەو ڕووداوەی شەوی ڕابردوو لە سنووری کەرکووک ڕوویداوە، لە سنووری ئێمە نەبووە، بەڵکو لەوبەری پردێ بووە لەو شوێنەی هێزە عێراقییەکانی لێیە. ئەمە سەرهەڵدانەوەی داعشە و بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنییەوە دروست بووە، چونکە خەڵکێک لەو ناوچەیە هەن هاوکاری گرووپە چەکدارەکان دەکەن و ئەو هێزانەشی لەوێن توانای تەواویان نییە ڕێگرییان لێ بکەن، بۆیە پێویستە بەرنامەڕێژیی ورد بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش."

نووری حەمە عەلی ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە و ئامادەیی هێزی پێشمەرگە کرد و گوتی، "هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بەڵام خەڵکی دەوروبەری کەرکووک لە سنووری ڕیاز هەست بە غەدر دەکەن و زۆرجار ئەو گرووپانەی لێ دروست دەبێت، لە کاتێکدا ئەگەر خەڵک هاوکاری هێزە ئەمنییەکان نەکات، کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە سەخت دەبێت. بە پێچەوانەوە، لە سنوورەکانی ئێمە خەڵک پشتگیریی پێشمەرگە دەکات و هێزی پێشمەرگەش هێزێکی ڕێکخراوە و بەردەوام لە ئامادەباشیدایە، سەنگەرەکانمان قایمن، چەکی باشمان هەیە، بۆیە هیچ هێزێک ناتوانێت زەفەر بە پێشمەرگە ببات."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ KDP.info، بەرپرسی میحوەری کەرکووک-پردێ دووپاتی کردەوە، "سەرەڕای بوونی هێزی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێشتا بۆشایی ئەمنی هەیە و ڕووداوەکەی کەرکووک زەنگێکی مەترسیدارە کە پێویستە بە جددی کاری لەسەر بکرێت."

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار