١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

لیوا بەهجەت بۆ KDP.info: بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە لە شنگال تای تەرازووی شەڕی گۆڕی

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند، داستانی مەزنی ئازادکردنی شنگال بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی، جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە مێژووییە بوو کە جەنابیان بە بابەشێخ و پیاوانی ئایینیی کوردانی ئێزدی دابوو، ئاشکراشی کرد کە تەواوی قۆناغەکانی ئەو سەرکەوتنە بە خوێنی ٦٠٠ شەهیدی نەمری پێشمەرگە نەخشێنراوە و تای تەرازووی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە جیهاندا گۆڕی.

لیوا بەهجەت تەیماس سێلکی، فەرماندەی باڵای پێشمەرگە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لە ساتەوەختی دیداری جەنابی سەرۆک بارزانی و پیاوانی ئایینیی ئێزدی کرد لە دوای جینۆسایدی شنگال و گوتی، "کاتێک بابەشێخ و پیاوانی ئایینیی ئێزدی گەیشتنە خزمەت جەنابی سەرۆک بارزانی، بابەشێخ بە چاوی پڕ لە فرمێسک و دڵێکی پڕ لە هیواوە گوتی: (لە ئاسمان خوامان هەیە و لەسەر زەوی تۆمان هەیە، هیوادارین تۆڵەی شنگال بەسەر تاریکپەرستاندا تێنەپەڕێت). جەنابی سەرۆک هەر لەوێدا بەڵێنی شەرەف و مێژوویی پێ دان کە تۆڵەی شنگال بکاتەوە و شکۆی خوشک و برا ئێزدییەکان بگەڕێنێتەوە."

لیوا بەهجەت سێلکی ئاماژەی بە وردەکاریی پلانی سەربازی کرد و ڕایگەیاند، "دوای داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی ورد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چارەنووسساز، ڕۆژی ١٢ی ١١ی ٢٠١٥ ئۆپەراسیۆنی مەزنی ڕزگارکردنی شنگال بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی دەستی پێ کرد. پێشمەرگە قارەمانەکان لە چەندین قۆڵەوە هەڵمەتیان برد و لە ماوەیەکی پێوانەییدا، ڕۆژی ١٣ی ١١ی ٢٠١٥ شنگالیان لە چنگی تیرۆریستانی داعش پاک کردەوە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەسەر خاکی شنگال شەکاندەوە."

سەبارەت بە کاریگەریی سەرکەوتنەکە لەسەر ئاستی جیهان، لیوا بەهجەت سێلکی ڕوونی کردەوە، "ئازادکردنی سەنتەری شنگال تەنیا سەرکەوتنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو تای تەرازووی شەڕی لە ناوچەکەدا گۆڕی و ناوەندە سەربازی و سیاسییەکانی جیهانی سەرسام کرد. ئێوارەی هەمان ڕۆژیش جەنابی سەرۆک بارزانی لەسەر چیای شنگال مژدەی سەرکەوتنی بە جیهان ڕاگەیاند و زەنگی مەرگی حەتمی بۆ تیرۆریستان لێ دا."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماری قوربانییانی ئاشکرا کرد و گوتی، "ئەم داستانە مەزنە لە سەرەتاوە تا ترۆپکی سەرکەوتن، بە خوێنی گەشی ٦٠٠ شەهیدی نەمر تۆمار کرا، کە گیانی خۆیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی خاک و کەرامەتی نەتەوەکەمان."

ئەژین غەفار

هەواڵی پەیوەندیدار