لیوا مووسا بۆ KDP.info: ئامادەبوونی مەیدانیی سەرۆک بارزانی ورەی پێشمەرگەی گەیاندە لووتکە

هەولێر-KDP.info- فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد، کە هاوسەنگەر و شایەتحاڵی ڕاستەوخۆی داستانی ئازادکردنی شنگال بووە، ڕایگەیاند، ئامادەبوونی مەیدانیی سەرۆک مەسعود بارزانی بە ڕۆحیەتی پێشمەرگەیەک نەک وەک سەرۆک، ورەی پێشمەرگەی گەیاندە لووتکە، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ڕێبەرایەتی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی نەبووایە، گەڕاندنەوەی شنگال بۆ باوەشی نیشتمان کارێکی ئەستەم بوو.
لیوا موسا گەردی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، وردەکاریی ئامادەکارییەکانی پێش ئۆپەراسیۆنەکەی خستە ڕوو و گوتی، "چەند ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی شەڕ، سەرۆک بارزانی چوار کۆبوونەوەی بەردەوامی لەگەڵ فەرماندە و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش ئەنجام دا. من خۆم لەوێ بووم کاتێک جەنابی سەرۆک هاتە نێو پێشمەرگەکان و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە فەرمووی، (ئەگەر پێشمەرگەکانمان ١٠ جاریش شەهید بن، هەر دەبێت شنگال ڕزگار بکەینەوە)، بەڵێنێکی مێژوویی دا و بردییە سەر."
لیوا موسا گەردی باسی لە خاکیبوون و قوربانیدانی سەرۆک بارزانی لە سەنگەرەکاندا کرد و ئاشکرای کرد، "جەنابی سەرۆک بە ناونیشانی سەرۆک نا، بەڵکو بە ڕۆحیەتێکی پێشمەرگانەی خۆنەویست لەوێ بوو. بە چاوی خۆم بینیم تاوەکو شەڕی شنگالمان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هێنا، جەنابی سەرۆک لەبەر سەرمای دەرەوە و لەژێر تایەی ئۆتۆمبێلی (باجەر)دا تەنیا بە یەک پێخەف دەخەوت، ئەم دیمەنە سەنگەری بەرگریی پۆڵایین کرد و گیانی فیداکاریی لای هەموو پێشمەرگەکان زیندوو کردەوە."
فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگورد ئاماژەی بەوەش کرد کە خەمخۆریی سەرۆک بارزانی بۆ خوشک و برایانی ئێزدی بێوێنە بوو، بە جۆرێک قورسترین چەکی بۆ دابین کردن و دوو لیوای تایبەتی لە خەڵکی شنگال پێکهێنا تاوەکو بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی، "بە دڵنیاییەوە ئەگەر هیممەت و سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک نەبووایە نەماندەتوانی شنگال ڕزگار بکەین، چونکە ئێمە لەوێ تەنیا شەڕی تیرۆریستانی داعشمان نەدەکرد، بەڵکو لایەنی دیکەش هەبوون کە دژایەتییان دەکردین و بەربەستیان دروست دەکرد، بەڵام سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە بەڵێنی دا و لە کاتە هەستیارەکەدا بەڵێنەکەی جێبەجێ کرد."
ئەژین غەفار




