بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن: لەدەستدانی فەرهاد محەممەد کەلێنێکی گەورەیە لە ڕۆژنامەگەریی کوردیدا

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا هاوخەمیی خۆی بۆ کۆچی دوایی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیار و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان (فەرهاد محەممەد) دەربڕی و ڕایگەیاند، لەدەستدانی ناوبراو کەلێنێکی پڕنەکراوەیە لە کایەی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
دەقی پەیامە هاوخەمیەکەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، هەواڵی ماڵئاوایی یەکجاریی قەڵەمی بوێر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی دیاری کوردستان و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان، هەڤاڵ و هاوکاری ئازیزمان، خوالێخۆشبوو (فەرهاد محەممەد)، ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕادەگەیەنین.
لەدەستدانی فەرهاد محەممەد، خەمێکی گەورەیە بۆ ئێمە و کەلێنێکی پڕنەکراوەیە لە کایەی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەریی کوردیدا.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی خوالێخۆشبوو، ستاف و هاوکارانی لە گۆڤاری گوڵان و سەرجەم نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین.
لە خودای مەزن داواکارین گیانی پاکی بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بکات و سەبووری، ئارامی و دڵنەوایی بە ئێمە، خانەوادەکەی و سەرجەم ئازیزانی ببەخشێت.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
