١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

لقی ٢٤ی سەفین: خوێنی گەشی ٢٣ شەهیدە نەمرەکەی شەقڵاوە بووە چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەی ئازادی

سەرچاوە: KDP.info

شەقڵاوە-KDP.info- لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ٣٩یەمین ساڵیادی گوللـەبارانکردنی ٢٣ لاوی بێتاوانی شەقڵاوە لە ساڵی ١٩٨٧ لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس، جەختی کردەوە کە خوێنی گەشی ئەو شەهیدانە بووە چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەی ئازادی و دامەزراندنی حکوومەت و پەرلەمان، هاوکات دووپاتی کردەوە کە باشترین وەفا بۆ قوربانیدانیان، یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتەکانە.

دەقی پەیامەکەی لقی ٢٤ی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پەیامی لقی٢٤ی سەفین لە ( ٣٩)یەمین ساڵیادی گوللـەبارانکردنی ٢٣ لاوی بێتاوانی شەقڵاوە

جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری شەقڵاوە و دەورو بەری.

کەسوکاری سەربڵندی شەهیدان

ئەمڕۆ٣٩ ساڵ بەسەر یەکێک لە تاوانە هەرە قێزەون و دڕندانەکانی ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی بەعسدا تێدەپەڕێت، لە ساڵی ١٩٨٧ کە تێیدا جەلادەکانی ڕژێم، دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی، ٢٣ ڕۆڵەی قارەمان و بێتاوانی شەقڵاوەیان تەنها بە تاوانی کوردبوون و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییان، گوللـەباران کرد.

ڕژێمی بەعس بەم کارەساتە خوێناوییە مەبەستی بوو ئیرادەی خۆڕاگریی خەڵکی شەقڵاوە و خۆشناوەتی تێکبشکێنێت و دەنگی ئازادیخوازی لەم دەڤەرەدا کپ بکات، بەڵام مێژوو سەلماندی کە خوێنی گەشی ئەو ٢٣ شەهیدە نەمرە بووە هەوێنی بەردەوامیی خەبات و چرای ڕووناککەرەوەی ڕێگەی ئازادی و سەرفرازیی کوردستان و دامەزراندنی حکوومەت و پەڕلەمان.

لەم یادە پڕ شکۆ و ماتەمەدا، بەوپەڕی ڕێز و وەفادارییەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاک و گڵکۆی پیرۆزی ئەو ٢٣ شەهیدە قارەمانە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنەوێنین.

دووپاتی دەکەینەوە کە یادەوەریی و قوربانیدانی ئەوان هەمیشە لە هزرو ویژدانماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە و باشترین وەفا بۆ خوێنیان، پاراستنی دەستکەوتەکان و یەکڕیزی و خزمەتکردنی زیاتری شەقڵاوەو کوردستانە.

سڵاو لە گیانی پاکی ٢٣ شەهیدە سەربەرزەکەی شەقڵاوە. نەمری و سەرفرازی بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان ، سەروەریان بارزانی نەمرو کاکە ئیدریسی هەمیشە لە یاد.

پارتی دیموکراتی کوردستان

لقی ٢٤ی سەفین

هەواڵی پەیوەندیدار