جێگری پارێزگاری دهۆک بۆ KDP.info: داواکاریی تەواوکردنی پڕۆژە وەستاوەکانمان گەیاندە سەرۆکی حکوومەت

دهۆک-KDP.info- جێگری پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک، داواکاریی فەرمی بۆ سەرپێخستنەوە و تەواوکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییە وەستاوەکان گەیەندراوەتە سەرۆکی حکوومەت. هاوکات جەختی کردەوە کە تەواوی ئامادەکارییە ئیداری و مەیدانییەکان بۆ ڕێگری لە دروستبوونی لافاو لە وەرزی زستاندا ئەنجام دراون.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ماجد سەید ساڵح جێگری پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، "لە سۆنگەی سەردانی ئەنجامگیری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک، کۆمەڵێک داواکاریی گشتگیرمان بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی بەهۆی قەیرانەکانەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتمان بەرز کردوونەتەوە، بە تایبەتی پڕۆژە مەزن و ستراتیژییەکان، و ئومێدێکی زۆرمان هەیە بەڕێزیان ڕەزامەندی لەسەر سەرپێخستنەوەیان بدات."
سەبارەت بە ئامادەکارییە خۆپارێزییەکانی پارێزگا بۆ وەرزی بارانبارین و سەرمای زستان، ماجد سەید ساڵح دیاری کرد، "لە ڕێگەی قایمقامیەت و شارەوانییەکانەوە پلانی بەپەلە و ئامادەکاریی تەواو ئەنجام دراوە، بە جۆرێک دەستکراوە بە پاكکردنەوەی تەواوی ئاوەڕۆ، کەناڵەکان و ئەو شوێنە جیاوازانەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، جێگری پارێزگاری دهۆک ڕوونی کردەوە کە پارێزگا سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە تا بە شێوەیەکی ساڵانە و بەردەوام ئەم کارە خۆپارێزییانە ئەنجام بدەن، بە ئامانجی پاراستنی سەلامەتی و گیانی هاووڵاتییان و ڕێگری لە دروستبوونی هەر زیانێک بەهۆی لافاوەوە.
بڵند ئیبراهیم




