١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

مەسروور بارزانی: بە هەموو جۆرێک بەردەوام دەبین لە پاراستنی ژینگەی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە گوندی گەزنە (ڕێگەی سەرەکیی هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر ڕێگەی (هەولێر - خەبات) دەستیپێکرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارەكەیدا گوتی، "سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە بۆ بەشی دووەمی پشتێنەی سەوز و چاندنی زیاتر لە ملیۆنێك و 800 هەزار نەمام كە ئەمە دەبێتە بەشێكی تر لەو پرۆسەیە بۆ سەوزكردنی دەوروبەری هەولێر و شارەكەمان، تاوەكو ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ چاككردنی كەشوهەوا، بۆ چاندنی دار و دارستانەكان، بەردەوام بین."

لە لایەكی دیكەشدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "ئەمە هەوڵێكی زۆر زۆر پیرۆزە، كارێكی زۆر باشە، لە چەندین لایەنەوە دەتوانێت سوود بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت، لە لایەكەوە چاندنی دار و دارستان لە ڕووی ژینگەییەوە شتێكی گرنگە كە دەتوانێت ژینگە بپارێزێت، ئاووهەوا چاكتر بكات و پاكتر بكات، ببێتە شوێنێك بۆ حەوانەوەی خەڵك لە كەشوهەوایەكی گونجاوتردا، ژینگەیەكی باشتر بۆ ئێمە دەستەبەر بكات. لە لایەكی ترەوە لە ڕووی هەلی كارەوە چەندین كەس دەتوانن لێرەدا كار بكەن و زۆر لەو نەمام و دارانەی كە لێرەش دەچێندرێن، بەرهەمدارن، كەواتە لە ڕووی خۆراكیشەوە دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و ئەوانە دەكرێ كارگەی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون تێیاندا دروست بكرێت كە ئەوانەش دیسان بخرێتەوە خزمەتی خەڵكی كوردستانەوە."

مەسروور بارزانی، گوتیشی، "ئەوەی جێی دڵخۆشییە دەبینم كە چۆن پێشمەرگە قارەمانەكانمان لە بەرەكانی جەنگدا پارێزگاریی لە وڵاتی ئێمە دەكەن، لە خەڵكی كوردستان دەكەن، لێرەش هاوشان لەگەڵ خۆبەخشە خۆشەویستەكان، ئەوانە لێرەن بۆ چاندنی ئەو نەمامانە كە هەروەك باسمكرد، ملیۆنێك و 800 هەزار نەمامی ترە لەسەر ڕووبەری 10 هەزار دۆنم و سێ پۆندیشی تێدایە وابزانم ئەم ڕووبەرە. ئەوە جێی دەستخۆشییە، من داواتان لێدەكەم هەموومان سوپاسێكی گەرمی ئەو خوشك و برا پێشمەرگە و خۆبەخشانە بكەین و دەستخۆشییان لێ بكەین، زۆر زۆر سوپاس بۆ ئێوە. ئەمە نیشانەی نیشتمانپەروەرییە، دڵسۆزییە بۆ گەل و وڵاتەكەت. من جاری پێشتریش لە سەرەتای دەستپێكردنی ئەم پڕۆژەیە باسمكرد كە چاندنی دار و دارستان چەند دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كەشوهەوا و ژینگەی كوردستان دروست بكات. هیوامان وابوو ئێمە بتوانین بە هەموو جۆرێك، ئەو پڕۆژانەی دەستمان داوەتێ بەردەوام بین لێی و نەیەڵین بە هیچ جۆرێك كێشە و گرفت بۆ تێكدانی ژینگە دروست ببێت."

"كە دەهاتمە خوارەوە لە پیرمام، زۆرجار دەمبینی ئاووهەوای هەولێر زۆرجار دووكەڵێكی زۆری تێدایە، ئەمە پێشتر لەبەر ئەوەی زۆر لە مۆلیدەكان كە كاریان دەكرد دووكەڵێكی زۆریان دەدایە شارەكە، ئەمجارەش دوای ئەوەی كە چەندین پڕۆژەمان دەست پێكرد، یەكێكیان پڕۆژەی (ڕووناكی) بوو لەوەی كە كارەبای 24 كاتژمێری بەرهەم بهێنین و بخرێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان، ئەمە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پاككردن و خاوێنكردنەوەی ئاووهەوای شاری هەولێر و هەموو شارەكانی كوردستان دروست كرد. لە لایەكی ترەوە بە سەوزكردنی شار و شارۆچكەكانمان و بە كوردستانمان، دەمانتوانی دیسان یارمەتییەكی زیاتری پاككردنەوەی ژینگە بدەین كە بۆ تەندروستیی هاووڵاتیانیش زۆر زۆر پێویستە. بەداخەوە چۆن پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەكان لە هەرێمی كوردستان دراوە بۆ ئەوەی ژیان لە هەرێمی كوردستان زەحمەت بكەن، ئێستاش دەستێكی ڕەش دیسان هەوڵی تیرۆركردنی كوردستان دەدات بۆ ئەوەی ئەو ژێرخانە پێویستەی كە دەكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان، لەناو بەرن. پەلاماردانی كۆرمۆر و لێدان لە ژێرخانی كارەبا كە بەرهەمی كارەبا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان بەرهەم دێنێت، ئەمە تاوانێكە بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان و هەموو خەڵكی عێراقیش." سەرۆكی حكوومەت ئەمەشی گوت.

لە كۆتایی وتارەكەیدا مەسروور بارزانی گوتی، "داوا دەكەین ئەو لێژنە تایبەتەی كە دانراوە بۆ لێكۆڵینەوە، لە كاتێكی زوودا بگەنە ئەنجام تا هەم ئەوانەی تاوانیان كردووە و هەم ئەوانەی لە پشتی تاوانەكەشن، ئەوانە ئاشكرا بكرێن و بیاندەن بە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، ئەمە تاوانە بەرامبەر بە خەڵكێكی بێگوناح، بەرامبەر بە هەموو خەڵكی كوردستان و بە هیچ جۆرێك ئەم جۆرە تاوانانە نابێ قەبووڵكراو بێت. داوامان ئەوەیە، هەرچیش پێویست بێت بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین یارمەتیی ئەم جۆرە لێكۆڵینەوانە بدەین، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و بۆ ئەمەش لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی لەسەر هێڵین و بەردەوام قسە دەكەین."

هەواڵی پەیوەندیدار