١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری

سەرۆکی فراکسیۆن بۆ KDP.info: پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی تاکە چارەسەرە بۆ بنبڕکردنی داعش

سەرچاوە: KDP.info

​کەرکووک-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی مەترسیی شانە نووستووەکانی داعشەوە، هاووڵاتییانی کەرکووک لە دڵەڕاوکێدا دەژین و جەختیش دەکاتەوە کە تاکە چارەسەر، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنییە لە ڕێگەی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکانەوە.

​حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕووداوەکانی ئەم دواییە ئەوەیان سەلماند کە هێشتا داعش لە سنووری کەرکووک ماوە و دەستی بە جموجۆڵ کردووەتەوە. بەم هۆیەشەوە خەڵکی پارێزگاکە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری شارەدێی پردێ هاووڵاتییانی سڤیل بوونە قوربانی."

​ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، چەکدارانی داعش لە ناوچەکانی حەوزی حەویجە، زنجیرە چیاکانی حەمرین و دەوروبەری پردێ بوونیان هەیە و بەردەوام لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

​سەبارەت بە قەبارە و ژمارەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە، حەسەن مەجید گوتی، "ژمارەی وردی چەکدارانی داعش و شانە نووستووەکانیان لە سنووری کەرکووک دیار نییە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەو پرسەمان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق باس کرد، بە گوتەی وەزیری ناوخۆ ژمارەیان زۆر نییە و لە چوارچێوەی چەند شانەیەکی بچووکدا چالاکی دەکەن، هێزە ئەمنییەکانیش لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و لەناوبردنیاندان.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نەخشەڕێگەی چارەسەری دۆخەکەی خستە ڕوو و گوتی، "تاکە چارەسەر بۆ بنبڕکردنی مەترسییەکانی داعش لە کەرکووک، هەبوونی هەماهەنگییەکی کارا و بەهێزە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە فیدراڵییەکاندا، چونکە تیرۆریستان سوودیان لە بۆشایی ئەمنی وەرگرتووە و پێویستە هەولێر و بەغدا پێکەوە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ داعش نەهێڵنەوە."

​قائید میرۆ