کونسوڵی گشتی فەرەنسا بۆ هێمن هەورامی: پشتیوانی لە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکەین

هەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە پیرمام، دکتۆر هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە ئێمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر هێمن هەورامی سیاسەت و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانی سەبارەت بە دۆخی ئێستای هەرێم بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەنگاوی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، بەپێی هەموو ڕێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان بەڕێوەچووە. هاوکات جەختی لە پابەندبوون و ئامادەیی تەواوی پارتی بە دوایین پەیامی سەرۆک بارزانی کردەوە، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.

لای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و هەڵوێستی فەرەنسای دووپات کردەوە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان بە کارێکی یاسایی دەزانن. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان پارتی، یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان دەربڕی بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارە.
کونسوڵی فەرەنسا جەختی لەوەش کردەوە کە هەبوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و یەکگرتوو لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسادایە، و پاریس پشتیوانی لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی عێراقدا.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، بیروڕا سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا.





