کشتوکاڵی دهۆک بۆ KDP.info: چاندنی گەنم بەبێ کێڵان تاقی دەکەینەوە و ئومێدمان بە سەرکەوتنی هەیە

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بۆ یەکەم جار لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سیستەمێکی نوێی چاندن جێبەجێ دەکرێت کە تێیدا گەنم بەبێ کێڵانی زەوی دەچێندرێت و لە ئەگەری سەرکەوتنی، لە ساڵانی داهاتوودا فراوانتر دەکرێت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمساڵ سیستەمێکی نوێی چاندن کە بریتییە لە (چاندن بەبێ کێڵان) لە پارێزگای دهۆک و زاخۆ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. بەپێی ئەم سیستەمە زەوی بەبێ ئەوەی بکێڵدرێت دەکرێتە گەنم، ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بێت، لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر گرنگی پێدەدرێت و پەرەی پێدەدرێت، چونکە سوودێکی زۆری بۆ جووتیاران دەبێت."
سەبارەت بە لایەنە ئەرێنییەکانی ئەم شێوازە نوێیە، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک ڕوونی کردەوە، "ئەم سیستەمە لە چەند ڕوویەکەوە هاوکارییەکی باشی جووتیاران دەکات، لە لایەک تێچووی چاندن لەسەر جووتیار کەم دەکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە شێ لەناو خاکدا دەپارێزێت، بەتایبەت لەو ساڵانەی کە ڕێژەی بارانبارین کەمە، ئەمەش وا دەکات ئاوەکە لە زەویدا بمێنێتەوە و بەرهەمی گەنم زیاد بکات."
ئەحمەد جەمیل ئاماژەی بەوەش دا کە تەنیا تێبینییەک لەسەر ئەم شێوازە ئەوەیە ڕەنگە ڕێژەی شینبوونی گژوگیا زیاد بکات، بۆیە گوتی، "ئەمساڵ سەنتەری لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵیی ئێمە بەم کارە هەڵساون و وەک قۆناغی تاقیکردنەوە لە ناوچەکانی (بامەڕنێ، بەردەڕەش و باتێل) گەنم بەم سیستەمە دەچێنن و ئومێدمان هەیە سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنێت."
بڵند ئیبراهیم




