١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

دزەیی بۆ KDP.info: نوێنەرایەتییەکانمان لە دەرەوە زیاد دەکەین و وڵاتانی دیکەش کونسوڵخانە لە هەولێر دەکەنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وڵاتان داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستادا سێ وڵاتی دیکە بەنیازن کونسوڵخانە بکەنەوە. هاوکات ئاشکرای دەکات کە حکوومەتی هەرێم پلانی هەیە نوێنەرایەتییەکانی خۆی لە دەرەوە زیاد بکات.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروباری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕێکخرایەوە و فراوان کرا، بە جۆرێک ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی و بەشی نوێ کرانەوە، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا، ئەورووپا و ئەمەریکا. جگە لەوەش، هەر لەم کابینەیەدا هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و ئەرمەنستان کونسوڵخانەی خۆیان لە هەرێم کردووەتەوە و سێ وڵاتی دیکەش نیازیان وایە کونسوڵخانە بکەنەوە، بە گشتی داواکاریی بەردەوام بۆ کردنەوەی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان هەیە."

سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، سەفین دزەیی گوتی، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابوو نوێنەرایەتییەکانی خۆی لە وڵاتان زیاد بکات، بەڵام بەهۆی دۆخی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە پرۆسەکە دواکەوت، چونکە کردنەوەی نوێنەرایەتی پێویستی بە باڵەخانە و ستاف و تێچوو هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا پلانی حکوومەت وایە لە داهاتوودا نوێنەرایەتییەکانی لە وڵاتان زیاد بکات."

لە کۆتاییدا دزەیی تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی فەرمانگەکەیان و ئاماژەی بەوە دا، "لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دامەزرا، هەنگاو بە هەنگاو کونسوڵخانەی وڵاتان کرانەوە و ژمارەیان بەردەوام لە زیادبووندا بوو. ئەو کات فەرمانگە پەیکەرێکی (هەیکەل) ئیداریی دیاریکراوی هەبوو کە لەگەڵ ژمارەی نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەو سەردەمە دەگونجا، بەڵام دواتر کە ژمارەی نێردەکان زۆر زیادی کرد، پەیکەرە ئیدارییەکە وەک خۆی مابووەوە. بۆیە بڕیارمان دا و کۆنفرانسێکمان بەست بۆ داڕشتنەوەی پەیکەری نوێی فەرمانگە، تاوەکو لە ئاستی خواست و پێداویستییەکان و ئەو ژمارە زۆرەی نێردە دیپلۆماسییانەدا بێت کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن."

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار