١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستانئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری
کوردستانی

كۆنفرانسێكی زانستی دەربارەی لافاو و ڕێگەچارەکان بەڕێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP. info- لە ھەولێر كۆنفرانسێكی زانستی دەربارەی لافاو و ڕێگەچارەکان بەڕێوەچوو، كۆنفرانسەکە بە هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەرەنسی ڕێکخرابوو، بە ئامانجی خستنەڕووی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. 

ئەمڕۆ دووشەممە 2026.11.16، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی2ی پارتی، د.عەلی رەشید، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی زانکۆ، و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیانی زانکۆ، پسپۆڕان و شارەزایانی بواری ژینگە و ئاوەدانکردنەوە، كۆنفرانسێكی زانستی لەژێر ناونیشانی ( لافاوەکانی شاری هەولێر، هۆکارەکان و ڕێگەچارەکان ) بەڕێوەچوو.

ئەم كۆنفرانسە بە هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و زانکۆی لوبنانی فەرەنسی ڕێکخرابوو، بە ئامانجی خستنەڕووی لێکۆڵینەوە زانستییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. 

لە میانی كۆنفرانسەكەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێكدا وێڕای دەستخۆشی بۆ ڕێكخەران و سەرپەرشتیارانی كۆنفرانسەكە، هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنفرانسەكە خواست كە بە هاوبەشی لە نێوان ناوەندەکانی ئەکادیمی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی مەیدانی و پەیوەندیدارەکانی ئەنجامی دەدەن و ڕایگەیاند: " بێگومان ئەمە بەشێکە لەو نەخشەڕێگایەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021ـەوە دایناوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە شاری هەولێر. هاوبەشیی نێوان ئێمە و ناوەندە ئەکادیمییەکان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پلانی ئایندەیە، بۆیە کارەکە کارێکی زانستییە و ئێمە لە ساڵی 2021ـەوە کە لافاو لە شاری هەولێر ڕووی دا، ناوەندە ئەکادیمییەکانمان کردە بەشێک لەو ستراتیژییەتە و چەندین کۆنفرانس و کۆڕبەندی لەو جۆرە لە زانکۆکان ئەنجام درا، کە بۆ ئێمە بووە بەشێک لەو ستراتیژییەتەی کە پلانێکی وردتر بە ئاراستەی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو لەسەر شاری هەولێر دابڕێژین ".

ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لەو پلانانە ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان، ئەگەر گرفتە دارایییەکان و ئەو گوشارانە نەبایە کە بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستان دەیکات، بێگومان ئێستا ئەو پلانانە 100%ـی جێبەجێ دەبوو. بەڵام تا ئەمڕۆ نزیکەی 30%ـی ئەو پلانانە جێبەجێ کراوە، کە خۆتان دەبینن و خەڵکی شاری هەولێر و میدیا و خەڵکی کوردستان دەبینن کە چەند پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە شاری هەولێر ئەنجام دراون، کە بە ئاراستەی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو بوون. بە ڕێنمایییەکانی جەنابی سەرۆکی وەزیران و سەرپەرشتیکردن و ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکان و چاودێریکردنی ئەو کارانە، بوونەتە هۆکاری ئەوەی ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدرێن.

گوتیشی، بەداخەوە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو شەوی 18ی مانگ جارێکی دیکە لافاو ڕووی دا، بەداخەوە جگە لە زەرەرمەندبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی، چ ئەوانەی لە خانووەکانیان نیشتەجێ بوون، چ ئەوانەی کاسبکار بوون و شوێنەکانیان کاسباتییان بوو، بەڵام بەداخەوە لە هەمووی ئازارتر لەدەستدانی گیانی دوو لە هاووڵاتی و هاونیشتمانیانی شارەکەمان بوو کە یەکێکیان گەنجێکی گەنجێکی نموونەی بەرزی ئەخلاقی هەولێریانە، کوردانە، موسڵمانانە، مرۆییانە بوو، کاتێک دەیوویست پڕەوژارێک و چەند کەسێکی دیکە دەرباز بکات، بەخۆی بوو بە قوربانی، یەکێکی دیکە منداڵێکی پێنج ساڵان لەگەڵ باوکی لەناو ئۆتۆمبێل بوو، باوکەکە دەرباز بوو بەڵام منداڵەکە و ئۆتۆمبێلەکە کەوتنە بەر لافاوەکە و گیانی سپارد، جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە خۆمان و لە کەسوکاری ئەو دوو قوربانییە دەکەین. 

دواتر لەلایەن پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانی هەردوو زانکۆوە چەندین پێشنیاز و توێژینەوەی مەیدانی بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی ئاوی باران و پاراستنی ژێرخانی شار خرانەڕوو، و جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان زانکۆ و حکومەت و سوودوەرگرتن لە توانای زانستیی زانکۆکان لەلایەن دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی پارێزگای هەولێرەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان.

هەواڵی پەیوەندیدار