سەرۆك بارزانی لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان كۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆك مەسعوود بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە 5ـی 5ـی 2019 لە سەڵاحەددین لەگەڵ نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان كۆ بووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا، نوێنەرانی جووتیارانی كوردستان باسی گرفت و كێشەكانیان كرد و هەروەها بابەتی پێنەدانی پارە و شاییستە داراییەكانی جووتیارانی كوردستان لە لایەن حكوومەتی بەغدایان لەگەڵ سەرۆك بارزانی تاوتوێ كرد. داواشیان لە سەرۆك بارزانی كرد كە هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشەیە بدات، هەروەها سوپاسی سەرۆك بارزانییان كرد كە بە دەنگ داواكاریی ئەوان و خەڵكی بەشخوراوەوە هاتووە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرنگیی جووتیاران لە ژیانی ئابووریی كوردستان كردەوە و ئەوەیشی خستە ڕوو، كە لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوولدا جووتیاران ڕۆڵی گەورەیان لە پشتیوانیكردنی شۆڕش هەبووە و سەرچاوەیەكی بەردەوامی شۆڕشی ئەیلوول و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە بوون. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستە سەر گرنگیی كەرتی كشتوكاڵ و بە پێویستی زانی كەرتی كشتوكاڵ ببووژێتەوە و ببێتە كۆڵەكەیەكی سەرەكیی ئابووریی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا، سەرۆك بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داوكارییەكانی جووتیارانی كوردستان ڕاگەیاند و ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە ئەوەی دەرهەق بە جووتیارانی كوردستان كراوە، زوڵمێكی ئاشكرایە و هەموو هەوڵەكانیشی دەخاتە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ماف و پارەی جووتیارانی كوردستان كە لای حكوومەتی عێراق ماوەتەوە.





