شای ئوردن پێشوازی لە سەرۆك بارزانی کرد

هەولێر-KDP.info- شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردن لە كۆشكی حوسەینیە لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرد و لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوو كران.
لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ شانشینی ئوردن كە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شای ئۆردۆن ئەنجام درا، ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 27ـی 1ـی 2019 شا عەبدوڵڵا پادشای ئوردن لە كۆشكی حوسەینیە لە عەممانی پایتەختی ئوردن پێشوازی لە سەرۆك مەسعوود بارزانی و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی و عەلی حوسێن ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە دیدارەكەدا كە ئەمیر فەیسەل بن حوسێن برای پادشای ئوردن و ڕاوێژكاری شا و سەرۆكی نووسینگەی شاهانە و سەرۆكی ئەركانی هاوبەش و بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆردۆن ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن و هەروەها پەیوەندییەكانی هەرێم و ئوردن و عێراق و جەخت لە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.
هاوكاری و هەماهەنگی بۆ سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاساییشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.
جێگەی ئاماژەپێكردنە كە لەو سەردانەی سەرۆك بارزانی ئێوارەخوانێك لەسەر شەرەفی سەرۆك بارزانی لە لایەن شای ئوردن ڕێك خرا.




