بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی دهۆک وادەی تەواوبوونی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەت بۆ KDP.info دەخاتە ڕوو

دهۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆک ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی باعەدرێ - دهۆک بە ڕێژەی ٨٥٪ تەواو بووە و بۆ کارئاسانیی هاتوچۆی هاووڵاتییان، بڕیارە ئەمساڵ سایدێکی ڕێگەکە بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
خەدیجە محەمەد، بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆک، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ڕێگەی باعەدرێ - دهۆک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە بریتییە لە ڕێگەیەکی جووتسایدی سەردەمییانە بە درێژایی ٢٦ کیلۆمەتر و لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت. تا ئێستا ٨٥٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە و قۆناغە سەرەکییەکانی بڕیوە."
سەبارەت بە تایبەتمەندییە تەکنیکییەکانی پڕۆژەکە، ناوبراو ڕوونی کردەوە، "پڕۆژەکە بە شێوازێکی زانستیی سەردەم دروست دەکرێت و چەندین بەرزەپرد (ئۆڤەرپاس) و ژێرپردی (ئەندەرپاس) پێشکەوتووی تێدایە، چونکە ڕێگەیەکی نێودەوڵەتییە و سەرجەم مەرجە پێشکەوتووەکانی سەلامەتیی هاتوچۆی تێدا ڕەچاو کراوە."
بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی دهۆک ئاماژەی بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش کرد و گوتی، "وادەی یاسایی تەواوبوونی پڕۆژەکە تا نیوەی ساڵی داهاتووە، ئەگەر نالەباریی کەشوهەوا نەبووایە ئێستا ڕێژەی جێبەجێکردن زۆر زیاتر دەبوو، چونکە سەختیی کەشوهەوای ناوچەکە و هەبوونی شاخ و ڕێگەی لاوەکی کاریگەرییان لەسەر کارەکان هەبووە، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر تەواوکردنی لە وادەی یاسایی خۆیدا."
لە کۆتاییدا خەدیجە محەمەد مژدەی کردنەوەی بەشێکی ڕێگەکەی دا و گوتی، "بەهۆی ئەوەی ڕێگەیەکی سەرەکییە و دەمانەوێت کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان و شۆفێران بکەین، بەنیازین ئەمساڵ سایدێکی ڕێگەی باعەدرێ - دهۆک بکەینەوە. ئەگەر هیچ ئاستەنگێک نەیەتە پێشمان، ئەمساڵ سایدێکی بە تەواوی بۆ هاتوچۆ کراوە دەبێت و کاریگەرییەکی زۆر باشی لەسەر ئاسانکردنی هاتوچۆی خەڵک دەبێت."
قائید میرۆ




