سەرۆك بارزانی: پێویستە كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی قووڵتر ببێتەوە

هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە دیداریدا لەگەڵ شاندێكی سەرۆكایەتیی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس ڕایگەیاند، كوردستان وڵاتی هەمووانە و نابێ كەسیش هانی كریستیانەكان بدات وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و ئێستا لە قۆناغی دوای نەمانی تیرۆر، پێویست دەكات كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی قووڵتر ببێتەوە.
سەرۆك مەسعوود بارزانی، ڕۆژی شەممە 26ـی 1ـی 2019 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە شاندی سەرۆكایەتیی تاییفەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە كوردستان و پارێزگای نەینەوا و عێراق، بە سەرۆكایەتیی قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس لە جیهان و شاندێكی یاوەری كرد، كە پێك هاتبوون لە ژمارەیەك مەترانی كەنیسەی ئەرتۆدۆكس.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمیان كرد لە پاراستنی پێكهاتەكان و كریستیانەكانی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا و، پێزانینیان هەبوو بۆ حەواندنەوە و پەنادانیان لە هەرێمی كوردستان. هەروەها وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كریستیانەكانی كوردستان و خەڵكی كوردستان جەختیان لە پێكەوەژیان و چارەنووس و ئاییندەی هاوبەشی گەلی كوردستان و پێكهاتەكانی كردەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕۆشنایی خستە سەر ئەو ئازار و نەهامەتییەی كە لە ماوەی ڕابردوو بەسەر كریستیانەكان و خەڵكی كوردستاندا هاتووە و ئەوەی دووپات كردەوە كە كوردستان وڵاتی هەمووانە و نابێ كەسیش هانی كریستیانەكان بدات كە وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و ئێستا لە قۆناغی دوای نەمانی تیرۆر پێویست دەكات كولتووری پێكەوەژیان و برایەتی قووڵتر ببێتەوە.
مەترسییەكانی تیرۆر و هزری توندڕۆیی و هەروەها بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا، تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو.




