بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەڕێوەچوو

هەولێر-KDP.info- بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆنگرەی هەشتەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بەڕێوەچوو ، پێش دەستپێكردنی كۆنگرەیش، سەرۆك بارزانی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی و كاری دەستی و كوردەواری كردەوە، كە گوزارشت بوون لە كاروچالاكییەكانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.
ئەمڕۆ دوو شەممە 3ـی9ـی2018 لە هەولێری پایتەخت، لە ژێرچاودێری و بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، كۆنگرەی هەشتەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەژێرناوی (نیشتمان) و بە دروشمی(تواناسازی ئافرەت جڤاكی پێشكەوتوو) بەڕێوەچوو.

پێش دەستپێكردنی كۆنگرە، سەرۆك بارزانی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی و كاری دەستی و كوردەواری كردەوە، كە گوزارشت بوون لە كاروچالاكییەكانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان.
دواتر دكتۆرە ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بە ناوی رێكخراوەكەیان و ئەندامانی كۆنگرە، بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی كرد و ئاماژەی بە پاڵپشتی سەرۆك بارزانی بۆ كاری رێكخراوەیی و پرسەكانی ئافرەتان كرد و سوپاسی هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی كرد و ئامانجی بەستنی كۆنگرە و خەباتی رێكخراوەیی لەپێناو دەستبەركردنی زیاتری مافەكانی ئافرەتانی كوردستان كرد. هەروەها ئاماژەی بەوە كرد، رێكخراوەكەیان پشتیوانێكی بەردەوامی هەوڵە نەتەوەیی و نیشتمانیەكانی سەرۆك بارزانی دەبێت.
ساسان عەونی بەرپرسی دەستەی رێكخراوە پیشەیی و جەماوەرییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وتارێكیدا، ئاماژەی بەوەدا، بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دوا بەرنامەی چاكسازی و پێداچوونەوەی كاری رێكخراوەییە كە سەرۆك بارزانی لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكاندا بڕیاری لەسەرداوە.




