وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندیی به سه‌رۆك بارزانی كرد

هه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی و مایك پۆمپیۆ، دۆخی عێراقیان خسته به‌ر باس و وێرای بیروڕاگۆڕینه‌وه له‌باره‌ی دواپێشهاته سیاسییه‌كان، جه‌ختیان له به‌رده‌وامیی ڕاوێژ و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا كرده‌وه.
ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه ٢٩\٨\٢٠١٨، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا مایك پۆمپیۆ پێوه‌ندی به سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانییه‌وه كرد.
له‌و پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا كه بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانیی كرد له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌و ڕۆڵه‌ی به گرینگ له‌قه‌ڵم دا، هه‌روه‌ها بیروڕا له‌باره‌ی دوایین پێشهاته سیاسییه‌كان و دانوستانه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان پێوه‌ست به دامه‌زراندنی حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.
هاوكات ڕۆشنایی خرایه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه چۆن له ماوه‌یه‌كی نزیكدا حكوومه‌تی تازه‌ی عێراق دابمه‌زرێ.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه ته‌له‌فونییه‌دا، سه‌رۆك بارزانی و مایك پۆمپیۆ جه‌ختیان له به‌رده‌وامیی ڕاوێژ و پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا كرده‌وه.




