٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

په‌یامی سه‌روک بارزانی له ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆک بارزانی لە پەیامیدا بۆ ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه ریاگەیاند، كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە.

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی له ساڵیادی کا‌ره‌ساتی ئوردوگای زێوه


بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە ٩ـی حوزەیرانی ١٩٨٥ـدا ڕژێمی بەعس زۆر دڕندانە ئۆردۆگای ئاوارەكانی زێوەی بوردومان كرد و ژمارەیەكی زۆری ژن و منداڵ و خەڵكی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.

سەرباری ئەو كارەساتە گەورەیەی كە لەو ڕۆژەدا بەسەر میللەتەكەماندا هات بەڵام ئەوە ڕۆژێكی گرنگ و پڕ لە وانەیە لە مێژووی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەكەماندا.

كارەساتی زێوە وانەیەك بوو بۆ هەموومان و دۆستەكانمان، قارەمانێكی وەك دایكە ئامینا كە جەرگسووتاو بوو و پارچە گۆشتی منداڵەكانی كۆ دەكردەوە، سەربەرزانە ئەو وانەیەی دا كە ئەگەر دوژمن لەتلەتیشمان بكات بەڵام هەرگیز خۆ ناچەمێنین و لە فەرهەنگی خەباتی گەلی كوردستاندا خۆبەدەستەوەدان نییە. ئەوە ڕێگەی ئازادیخوازیی میللەتێكی مەزلوومە، ئازادی باجی دەوێ و دەبێ قوربانی بدەین و نائومێد نەبین و بەردەوام بین و تەسلیم نەبین.

كارەساتی زێوە وانە بوو بۆ دوژمنیش كە چەندە زاڵم و دڕندە بێ بەڵام ناتوانێ ئیرادەی گەلەكەمان بشكێنێت و ئەوە سەركەوتنی ڕاستەقینەی میللەتەكەمانە بەسەر دوژمنی بێ ویژدان.

لە یادی ئەو كارەساتەدا پارچە گۆشت و جەستەی پیرۆزی لەتلەتكراوی منداڵانی زێوە هەرگیز لەبیر ناكەین و چرای خەبات و كۆڵنەدانی ئێمەن.

سڵاو لە شەهیدانی زێوە و شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، سڵاو بۆ خۆڕاگری و قارەمانێتی دایكە ئامینا و هەموو خانەوادە و دایكە شەهیدانی كوردستان.

مەسعوود بارزانی

٩ـی ٦ـی ٢٠١٨
 

هەواڵی پەیوەندیدار