پاشەکەوت بەرەو نەمان دەچێ

هەولێر-KDP.info- وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وردەکاری دابەشکردنی مووچەی بە سیستەمی نوێ ئاشکرا کرد و دەڵێ، لێبڕینی پاشکەوت ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە کە مووچەکەیان لە خوارووی ٤٠٠ هەزار دینارەوەیە..هەروەها زۆرترین پاشکەوت لە ٣٠% تێپەڕناکات کە ئەویش بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەواڵە خۆشەکەی بە فەرمانبەران دا، ئەو هەواڵە بەر لە نەورۆز حکوومەت رایگەیاندبوو کە دوای جەژنی نەورۆز دەستکاری پاشەکەوت دەکات و ئەمڕۆیش سەرۆکوەزیرانی کوردستان بە فەرمیی رایگەیاند کە هەوڵدەدەن لە داهاتوویەکی نزیکدا پاشکەوت نەهێڵن. ئیدی بەو شێوەیەش پاشکەوت بەرەو نەمان دەچێ
وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێباز حەملان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە، هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی لە خوار ٤٠٠ هەزار دینارەوە بێ، ئیدی پاشەکەوت نایگرێتەوە و مووچەکانیان بەبێ پاشەکەوت دابەش دەکرێ.
رێباز حەملان لەبارەی وردەکاری مووچەوە دەڵێ، لێبڕینی مووچە بەسیستەمی پاشەکەوت ئیدی لە ٣٠% تێپەڕناکات، ئەویش پلەکانی بەڕێوەبەری گشتیی و بریکاری وەزیرەکان دەگرێتەوە.
وەزیری دارایی نمونەیەکی هێنایەوە کە ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی بریتی بێ لە ٨٤٠ هەزار دینار ئەوا بە سیستەمی ئێستای پاشەکەوت تەنیا ١٨%ی لێدەبڕێ و بڕی ٦٨٨ هەزار دینار مووچە وەردەگرێ، لە هەمانکاتدا ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەکەی بریتی بووبێ لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بێ، ئەوا بە سیستەمی ئێستا ٢٣%ی لێ پاشەکەوت دەکرێ و بە بەراورد لەگەڵ رابردوودا ٥٠٣ هەزار دیناری بۆ دەخرێتەوە سەر مووچەکەی.
رێباز حەملان لەبارەی داهاتەوە دەڵێ، ئێستا مانگانە ٧٢٠ ملیار دینار داهاتمان هەیە و مانگانەیش بڕی ١٥٠ ملیار دینار خەرجیاتمان هەیە و ئەوی دیکەیش بۆ مووچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێ..هاوکات حکوومەت قەرزی کۆمپانیاکانی نەوتیش دەداتەوە. ئەو بڕیارە پڵەباڵاکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و ئەوان بە گوێرەی سیستەمی پاشەکەوتی پێشوو مووچەکانیان دابەش دەکرێ.




