یەكێتیی پەرلەمانتاران: حكوومەت دەستكاریی پاشەكەوت دەكات.. ناكرێت خۆپێشاندان بۆ مەرامی سیاسی بقۆزرێتەوە
هەولێر-KDP.info- سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان ڕایگەیاند، داواكارییەكانی مامۆستا و فەرمانبەران رەوان و، ناكرێت هەندێك لایەنی سیاسی بۆ مەرامی خۆیان بەكاری بهێنن، چونكە ئەمە زیان بە داواكارییەكانیان دەگەیێنێت. دەشڵێ، حكوومەت دەستكاریی پاشەكەوت دەكات و ئەمەیش جێگای دەستخۆشییە.
دوای ئەوەی هەندێك لایەن لە هەرێمی كوردستان نەیانتوانی لە بەغدا شكست بە هەرێمی كوردستان بێنن و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵە دیپلۆماسیەكان سەركەوتوو بوو، ئێستا ئەو لایەنانە دەیانەوێت داواكاریی مامۆستایان بۆ مەرامی سیاسی و حیزبیی خۆیان بەكار بێنن، چونكە لە هەڵبژاردنەكان نزیك بووینەتەوە و لەو هەڵبژاردنانە دەترسن، لەبەر ئەوەی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا هیچیان بۆ خەڵكی نەكردووە.
لەو بارەیەوە، نیعمەت عەبدوڵڵا، سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "داواكارییەكانی مامۆستایان و فەرمانبەران رەوان و هەمووان پشتگیری لێ دەكەن و پێویستیشە وەڵامیان بدرێتەوە، حكوومەتیش باسی لەوە كردووە كە دەستكاریی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران دەكرێت، ئەمە دەبێتە هەنگاوێكی زۆر باش و وەڵامیش دەبێت بۆ داواكاریی ئەو خەڵكە".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "بە هیچ شێوەیەك ناكرێت ئەو خۆپێشاندانانە بۆ مەرامیی سیاسی بقۆزرێنەوە وخەڵكانێك بێن درووشمی نابەجێ بڵێنەوە دوور لە مەرامی خۆپێشاندەران، ئەمە دۆخەكە تێك دەدات و وادەكات حكوومەتیش بە شێوەیەكی شەرعی تەماشای ئەو جۆرە خۆپێشاندانانە نەكات، بۆیە پێویستە رێگرییان لێ بكرێت، چونكە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە ئەم دۆخە بپارێزین و رێگە نەدەین تێك بچێت".
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتاران راشیگەیاند: "خەڵكانێك لە ناوخۆ و رەنگە لە دەرەوەیش هەوڵی تێكدانی دۆخەكە بدەن، بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دەستكاریكردنی پاشەكەوتی مووچەوە، دەستی ئەو كەس و لایەنانە ببڕێت و ئەوەیش دەكات و جێگەی دەستخۆشییە كە حكوومەت دەیكات".
ئەو هەروەها باسی لەوەیش كرد: "خەڵكانێك لە بەغدا داوای بڕینی مووچەی فەرمانبەرانیان دەكرد و ئێستایش چوونەتە ناو خۆپێشاندەران و داوای مووچە دەكەن ئەمە كارێكی زۆر ناپەسەند و نابەجێیە، بۆیە هیوادارین داواكاریی خەڵكی بەكار نەهێندرێت كە داواكاریی رەوان، چونكە ناكرێت خۆپێشاندان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و مەرامی سیاسی بقۆزرێتەوە، لەبەر ئەوەی مامۆستا و فەرمانبەر هاتوون بۆ داواكاریی خۆیان".
بڵند ئیبراهیم




