سەرۆک بارزانی: ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی كوردستان سەردەكەوێت

هەولێر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ ژمارەیەك ڕاگر و مامۆستای زانكۆكانی دهۆك كۆبۆوە و رایگەیاند، ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی كوردستان سەردەكەوێت چونكە دۆزەكەی ڕەوایە و زوڵمیشی لە كەس نەكردووە.
ڕۆژی دووشەممە 18ـی 12ـی 2017 سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لە شاری دهۆك لەگەڵ ژمارەیەك ڕاگر و مامۆستای زانكۆكانی دهۆك كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا مامۆستایانی زانكۆكانی دهۆك بەپێی پسپۆری و شارەزاییان لە بوارە جۆراوجۆرەكان لە گفتوگۆیەكی تێروتەسەلدا كۆمەڵێك تێبینی و پێشنیار و پرسیاریان لە بارەی بارودۆخی سیاسی و دەستووری عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان و هەروەها بار و گوزەرانی خەڵك و كێشە و قەیرانە دارایی و ئابوورییەكانی هەرێم و مەسەلەی خزمەتگوزاری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاكسازی لە كەرتە جۆراوجۆرەكان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پێشنیار و تێبینییەكانی مامۆستایان، وەڵامی پرسیار و تێبینیی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی دایەوە و لە وتەیەكدا بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبەرانبەر بڕیاری ڕیفراندۆمی گەلی كوردستانی شی كردەوە. هەروەها ڕۆشنایی خستەسەر ڕووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم و ئەو كۆسپ و تەگەرانەی خراونەتە بەردەم ژیان و بڕیاری خەڵكی كوردستان.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بە باشترین چارەسەر بۆ قەیرانەكانی هەرێم زانی و جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەو قۆناغە سەختە تێدەپەڕێت و دواجار گەلی كوردستان سەردەكەوێت چونكە دۆزەكەی ڕەوایە و زوڵمیشی لە كەس نەكردووە.




