سەرۆک بارزانی بۆ سەرۆککۆماری عێراق: پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و کردەوەی ناڕەوایانە هەڵبگرێت
ههولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) بە سەرۆککۆماری عێراقی ڕاگەیاند، کە پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و ئەو کردەوە ناڕەوایانە هەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرانبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت، بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوو دەدات، بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.
ئهمڕۆ چوارشەممە ٢٩ـی١١ـی٢٠١٧، لە سەلاحەددین، (سەرۆک بارزانی) پێشوازیی لە (دکتۆر فواد مەعسووم) سەرۆککۆماری عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دواپەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە خرانە بەرباس و، هەردوولا هاوڕا بوون کە سەرجەم کێشەکان بە ڕێگەی ئاشتییانە و گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆککۆماری عێراق باسی هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرد، بە جۆرێک کە دەستوور وەک چەترێک وابێت بۆ پاراستنی بوون و کەرامەتی سەرجەم پێکهاتەکان بە بێ جیاوازی.
لە بەرانبەردا (سەرۆک بارزانی) جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە گفتوگۆ و دانوستانێکی هاوسەنگ و بێ مەرج هەبێت و دوور بێت لە زمانی خۆسەپاندن. هەروەها (سەرۆک بارزانی) بە سەرۆککۆماری عێراقی ڕاگەیاند، کە پێویستە حکوومەتی عێراق دەست لە زمانی خۆسەپاندن و ئەو کردەوە ناڕەوایانە هەڵبگرێت کە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە بەرانبەر گەلی کوردستان پیادە دەکرێت، بە تایبەت ئەو جینۆسایدەی لە خورماتوو ڕوودەدات بەپەلە ڕابگیرێت ئەوە بەهیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و لێی بێدەنگ نابین.
هەروەها (سەرۆک بارزانی) تەئکیدیشی کردەوە، کە خۆسەپاندن لە ڕێگەی هێز و سەپاندنی ئەمری واقعەوە سەرناگرێت و ئەم دۆخەش بەردەوام نابێت.




