٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) لە کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی و لق و ناوچەكانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، كە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.

ڕۆژی سێشەممە 28ـی 11ـی 2017 لە سەلاحەددین سەرۆك (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێر و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای هەولێر كۆبۆوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا  بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ڕیفراندۆم و قۆناغی دوای ڕیفراندۆم كرد و وردەكاریی ڕووداوەكانی كەركووك و ئەو خیانەتەی شی كردەوە كە لەبەرانبەر گەلی كوردستان و كەركووك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام درا.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی وتەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە هەمیشە دیالۆگ و دانوساندن و چارەسەری ئاشتیانە و دەستووری بژاردەی گەلی كوردستان بووە و پێشێلكردنی بەردەوامی دەستوور و نەهێشتنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق وای كردووە كە ئەو بارودۆخە بێتە كایەوە. ئێستایش حكوومەتی هەرێم ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ دانوساندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حكوومەتی بەغدا كە واز لە مەرجە تەعجیزییەكانی بهێنێت.

هەروەها ئەوەیشی بۆ ئامادەبووان دووپات كردەوە كە سەپاندنی ئەمری واقع بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبووڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار