سەرۆك بارزانی: هیچ شتێك ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات

هولیر-KDP.info- (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە، كە ئیرادەی میللەت لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكە و ئەو دڵنیاییەشی دا، كە گرفتەكان تێدەپەڕن و هیچ شتێكیش ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات.
ئهمڕۆ سێشەممە 21ـی 11ـی 2017، لە سەلاحەددین، (سەرۆك مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە (مەهدی زانا) سیاسەتمەداری كورد لە باكوور كرد.
لە دیدارەكەدا (مەهدی زانا) دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هەنگاوەكانی ڕیفراندۆم و پارێزگاری لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان. ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەو هەنگاوانە مایەی ئومێد و دڵخۆشیی هەموو كوردێكە و سەرباری بوونی كێشە و گرفتی گەورە هەموو گەلی كوردستان بڕیاری ڕیفراندۆم بە بڕیارێكی ڕەوا و دروست دەزانێت.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە دواپێشهاتە سیاسییەكان جەختی لەوە كردەوە كە ئیرادەی میللەت لە سەرووی هەموو ئیرادەیەكە و ئەو دڵنیاییەشی دا، كە گرفتەكان تێدەپەڕن و هیچ شتێكیش ناتوانێ كۆسپ بۆ ئازادی دروست بكات.




