دەقی نامەی سەرۆک بارزانی بۆ پەرلەمانی کوردستان

هەولێر-KDP.info- ڕۆژی شەممە ۲۸/۱٠/۲٠۱۷ (سەرۆک بارزانی) لە نامەیەک بۆ سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان داوا دەکات کە ماوەی سەرۆکایەتی درێژ نەکرێتەوە و بابەتی سەرۆکایەتی چارە بکرێت و ئامادەیش نییە دوای تەواوبوونی وادەی سەرۆکایەتی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم بەردەوام بێت.
دەقی نامەی (سەرۆک بارزانی) بۆ پەرلەمانی کوردستان:
بۆ سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان بەڕێز
سڵاوێكی گەرم..
بەپێی فەرمانی هەرێمیی ژمارە (١٢٨) لە ١٢ـی ٧ـی ٢٠١٧ داوامان كردبوو هەڵبژاردنەكانی پارلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم لە ڕۆژی ١ـی ١١ـی ٢٠١٧ ئەنجامبدرێت. بەڵام لەبەر هۆكاری سیاسی و ئەمنی و تەكنیكی و نەبوونی كاندیدی سەرۆكایەتی، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی، ئامادەكارییەكان بۆ هەر دوو هەڵبژاردنی هەڵپەسارد و لە ٢٤ـی ١٠ـی ٢٠١٧ لە پارلەمانی كوردستاندا تەمەنی پارلەمان و حكوومەتی هەرێم بۆ ماوەی دوو خولی یاسادانان درێژ كراوەتەوە.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی هەرێم، لە دوای ١ـی ١١ـی ٢٠١٧ بەردەوامبوونم لەو پۆستە ڕەتدەكەمەوە و نابێت یاسای سەرۆكایەتی هەموار بكرێت یان تەمەنی سەرۆكایەتیی هەرێم درێژ بكرێتەوە. پێویستە بە زووترین كات كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی سیاسی لە ئەرك و دەستەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەر بكرێت.
منیش وەك مەسعوود بارزانیی پێشمەرگە لەناو جەماوەری خۆڕاگری گەلەكەمان و پێشمەرگە ئازیزەكان لە خەبات و تێكۆشان بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان بەردەوام دەبم.
مەسعوود بارزانی
٢٨ـی ١٠ـی ٢٠١٧




