سەرۆک بارزانی بۆ باڵیۆزی ئەڵمانیای دووپات کردەوە: هەرێمی كوردستان ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرج و بە ئەجێندای كراوەیە لەگەڵ بەغدا

هەولێر-KDP.info- لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە، كە هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بەبێ مەرج و بە ئەجێندایەكی كراوە لەگەڵ بەغدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی 10ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (سیریل نان) باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد و لە دیدارەكەدا، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كاردانەوەكانی دوای ڕیفراندۆم بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەقامگیری و سەلامەتیی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخە.
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق داوایشی كرد كە هەولێر و بەغدا بە ئاراستەی گرژی و ئاڵۆزكردن هەنگاو نەنێن و ئامادەیی ئەڵمانیایشی نیشان دا بۆ یارمەتیدانی هەردوولا، بۆ ئەوەی بكەونە گفتوگۆ لەپێناو چارەكردنی كێشەكان و ڕێگەگرتن لە گرژی، چونكە گرژی و ئاڵۆزی بە زیانی هەردوولا دەبێت.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی ئەڵمانیا كرد و ئەوەیشی خستەڕوو، كە گەلی كوردستان لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانەدا دەنگی داوە و ڕیفراندۆم دەرخەری ئیرادەی گەلی كوردستانە.
(سەرۆك بارزانی) جەختیشی لەوە كردەوە، كە هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوی بۆ گرژی و ئاڵۆزی نەناوە و ئامادەی گفتوگۆیە بەبێ مەرج و بە ئەجێندایەكی كراوە لەگەڵ بەغدا.





