سەرۆک بارزانی بۆ یوئێن: گەلی کوردستان سبەینێ بڕیار دەدات

هەولێر-KDP.info- لە پێشوازیی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا، وێڕای نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، کە گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و ڕۆژی 25ـی9ـی2017 ڕیفراندۆم بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی9ـی،2017 لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (یان كۆبیش) نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا (کۆبیش) ڕایگەیاند کە بۆ ئەوە هاتووە دواهەنگاوەکان و هەڵسەنگاندنی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی ڕەوشی ئێستا و دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بزانێت.
(سەرۆک بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، نیگەرانیی خۆی لە هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، کە پێچەوانەی هەموو بنەمایانە ڕەفتاریان کرد کە لە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خودی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وەک مافێکی سەرەتایی بۆ گەلان چەسپاوە، کەچی بەو شێوەیە لەگەڵ خواستی گەلی کوردستان بۆ دەربڕینی ڕا لەسەر چارەنووسی خۆی، مامەڵەیان کرد.
(سەرۆک بارزانی) جەختیشی کردەوە، کە ڕیفراندۆم سادەترین مافی دیموکراسییە و، گەلی ئێمە بڕیاری خۆی داوە و لەو بڕیارەش پاشگەز نابێتەوە و ڕۆژی 25ـی9ـی2017 ڕیفراندۆم بەڕێوە دەچێت و، دوای ئەوەش دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ بەغدا کراوەیە بۆ ئەوەی لەسەر سنوور و هەموو بابەتەکانی دیکە قسە بکەین و، بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لێکتێگەیشتن ببینە دوو دراوسێی باش.
(سەرۆک بارزانی) تەئکیدیشی کردەوە، کە کوردستان وەک پێشتر لە ڕۆڵی کارای خۆی لە هاوپەیمانێتیی دژی داعش، هەروەها هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق دژی تیرۆر، بەردەوام دەبێت و سیاسەتیشمان بەرانبەر حەواندنەوەی ئاوارەکان وەک خۆیەتی و، ئەوانە برای ئێمەن و ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبییەکاندا هەیە وەکخۆی دەمێنێتەوە.
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی هەڵوێستەکانی (سەرۆک بارزانی) کرد لەبارەی شەڕ دژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سووپای عێراق و حەواندنەوەی ئاوارەکان و بەڵێنیشی دا، نیگەرانییەکانی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی هەڵوێستی نێودەوڵەتی بەهەموو لایەک ڕابگەیەنێت و لە ئەرکی خۆیشیان کە ڕێگەگرتنە لە ململانێ و هەوڵدانیان بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان، بەردەوام دەبن.




